کولتووری کوردی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق نمایش کرا
بەشی کوردی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق کرایەوە و تێیدا جلوبەرگ، میوزیک، بەرهەمی دەستی و کەلەپووری کوردی نمایش کران، ئەمەش سەرنجی سەردانیکەرانی راکێشا و بووە پردێک بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری.
لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق لە سووریا، بەشی کوردی پێشوازییەکی گەرمی لەلایەن سەردانیکەرانەوە لێ کرا. لەو بەشەدا تیشک خراوەتە سەر کولتوور و هونەری کوردی و چەندین جۆری جلوبەرگ، ئامێری میوزیک، کاری دەستی و بەڵگەنامەی مێژوویی نمایش کراون.
شوکری سوباری، یەکێک لە رێکخەرانی پاوەندەکە، بە ئەنوەر عەبدولـلـەتیف، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمە یەکەم جارە بەشی فۆلکلۆری کوردی لەو پێشانگەیەدا دەکەنەوە. ئاماژەی بەوەش دا، مەبەستیانە جلوبەرگ و کاری دەستیی کوردی بە نەتەوەکانی دیکە و میوانان بناسێنن، هاوکات میوزیک و گۆرانیی کوردییشیان پێشکەش کردووە.
سەردانیکەرانی پێشانگەکە سەرسامیی خۆیان بە کەلەپووری کوردی دەربڕی. زێنا بەکر، سەردانیکەری پێشانگەکە، باسی لەوە کرد، بەشی کوردی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشە.
لە لایەکی دیکەوە موعاز یەعقووب، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کوردی لە ئاژانسی سانا، رایگەیاند، ئامانجیان لەو بەشداریکردنە ئەوەیە نیشانی بدەن گەلی سووریا لە پێکهاتەی جیاوازی وەکوو کورد، عەرەب، سریان و ئەرمەن پێکدێت، هەروەها هەموویان پێکەوە کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات دەکەن.
لە میانەی چالاکییەکاندا، چەندین تابلۆی هونەری و هەڵپەڕکێی کوردی پێشکەش کران. عەگید خەلیل، ئەندامی تیپی وڵات بۆ هەڵپەڕکێی کوردی، ئەوەی خستەڕوو، لە رێگەی گۆرانی و میوزیک دەسەلمێنن کورد لە هەر شوێنێک بێت کولتوورەکەی دەپارێزێت و بە زیندوویی دەیهێڵێتەوە.
کردنەوەی ئەو بەشە وەکوو هەنگاوێکی گرنگ بۆ زیاتر ناساندنی کولتووری کوردی و دروستکردنی گفتوگۆی نێوان پێکهاتەکانی سووریا دەبینرێت.