سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سەرۆک بارزانی: هاوخەمتانم
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ کۆچی دوایی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی و هاوخەمیی قووڵی خۆی دەربڕی.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق پرسەنامەیەکی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کردووە بەبۆنەی کۆچی دوایی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە داوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامەکەیدا هاوخەمی و پەژارەی قووڵی خۆی دەربڕیوە، هەروەها داواکارە لە خوای گەورە کۆچکردوو بخاتە بەر رەحمەت و لێخۆشبوونی خۆی، هاوکات سەبووری و دڵنەوایی بە هەموو کەسوکار و خۆشەویستانی ببەخشێت.
رۆژی هەینی، 4ـی ئەیلوولی 2026 سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا کۆچی دواییی برا گەورەی بنەماڵەکەیان، (عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی)ی راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا، خوالێخۆشبێت نەوەی رێبەری نیشتمانی و ئایینی، شێخ عەبدولسەلام بارزانی بووە و نموونەی دینداری، خوداپەرستی، چاکەخوازی و کەسایەتییەکی دیار و گەورەی ناو بنەماڵەکەیان بووە.
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، سبەی یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، پرسە و بەخاکسپاردنی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە بارزان بەرێوەدەچێت.