قاسم ئەعرەجی سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی دەکات
راوێژکاری ئەمنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامێکی هاوخەمیدا بۆ سەرۆک بارزانی سەرەخۆشیی خۆی بۆ کۆچی دواییی شێخ عەبدولواحید بارزانی دەربڕی.
شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەمنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: "بە خەم و پەژارەیەکی زۆر قووڵەوە، هەواڵی کۆچی دواییی شێخ عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانیمان پێگەیشت.
قاسم ئەعرەجی نووسیویەتی: لە ناخی دڵمانەوە گەرمترین سەرەخۆشی و هاوسۆزیی راستەقینەی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بارزانی دەکەین، لە پێشەنگی هەمووشیانەوە براکەمان سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان."
ئەعرەجی لە درێژەی پرسەنامەکەیدا ئاماژەی داوە، "لە خوای گەورە و باڵادەست داواکارین کۆچکردوو بە بەزەیی و لێخۆشبوونی فراوانی خۆی دابپۆشێت، و سەبووری، ئارامی و باشترین دڵنەواییش بە بنەماڵە، کەسوکار و سەرجەم ئازیزانی ببەخشێت."