هەیبەت حەلبووسی پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکات
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد، بەهۆی کۆچی دوایی عەبدولواحید ئیبراهیم عەبدولسەلام بارزانی، براگەورەی بنەماڵەی بارزانی.
شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پەیامێکی سەرەخۆشیی هەیبەت حەلبووسی بڵاو کردەوە، کە ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کراوە، بەهۆی کۆچی دوایی عەبدولواحید ئیبراهیم عەبدولسەلام بارزانی، براگەورەی بنەماڵەی بارزانی.
لە پەیامەکەدا هاتووە: "بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی خودالێخۆشبوو عەبدولواحید بارزانی، براگەورەی بنەماڵەی بارزانیمان پێگەیشت."
سەرۆکی پەرلەمان، ئاماژەی بەوە کردووە: "سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی، بنەماڵەی کۆچکردوو و کەسوکار و دۆستانیان دەکەین."
هەیبەت حەلبووسی لە پەیامەکەیدا، هیوای سەبر و دڵنەوایی بۆ بنەماڵەی کۆچکردوو خواستووە و نزای کردووە کە یەزدانی مەزن ڕۆحی کۆچکردوو بە بەزەیی و رەحمەتی فراوانی خۆی شاد بکات و لە بەهەشتی بەریندا جێگەی بکاتەوە.