سێنتکۆم: لە وەڵامی هێرشەکانی تاران چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانمان تێکشکاندن
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند, لە وەڵامی هاویشتنی مووشەکی بالیستیک لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ سەر دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکا، سێ کەشتیی نەوتهەڵگری گەورەی ئێرانیان لە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عومان بە تەواوی تێکشکاندووە و پەکخستووە.
بەپێی راگەیەندراوی سێنتکۆم، ئەمڕۆ شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە رێگەی چەندین مووشەکی بالیستیکەوە هێرشی کردووەتە سەر دوو کەشتیی جەنگیی هێزی دەریاییی ئەمریکا کە لە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر و کەشتییەکی تێکشکێنەری مووشەکی ئاراستەکراو پێکهاتبوون و لە کاتی ئەنجامدانی دەوریەی سەربازی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا بوون.
فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کەشتییە جەنگییەکانیان بە سەرکەوتوویی خۆیان لە هێرشە بێپاساوەکانی ئێران پاراستووە و هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانی سەربازانی ئەمریکیدا تۆمار نەکراوە.
لە کاردانەوەی ئەم هێرشەدا، هێزەکانی سێنتکۆم کەشتیی نەوتهەڵگری (M/T Downy)ـی سەر بە سوپای پاسدارانیان لە کەناراوەکانی دوورگەی خارک و کەشتیی نەوتهەڵگری (M/T Stark 1)ـیان لە نزیک شاری جاسک بۆ هەمیشە لەکارخست و پەکیانخست. هەروەها لە دەریای عومان، هێزەکانی ئەمریکا کەشتیی نەوتهەڵگری بەتاڵی (M/T Kylo)یان کە بە "نۆکسن"یش ناسراوە، دوای ئاگادارکردنەوەی دەستەی کەشتییەکە بۆ بەجێهێشتنی، لە چەندین شوێنی هەستیارەوە بۆردوومان کرد و بە تەواوی لەناویان برد.
سێنتکۆم جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم سێ کەشتییە بەشێک بوون لە تۆڕێکی داراییی سێبەری چەندین ملیار دۆلاری کە داهاتەکەی بۆ سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا دابین دەکرا و تاران هیچ توانایەکی نییە بۆ پاراستنیان.
براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند: "با ئەم پەیامە بۆ سوپای پاسداران زۆر روون بێت؛ ئەگەر ئێوە تەقە لە دوو کەشتیی ئێمە بکەن، ئەوا ئێمە باجێکی ئابووریی زۆر قورستان بەسەردا دەسەپێنین و سێ کەشتیی ئێوە لەناودەبەین. ئێمە لە بەرگریکردن لە هێزەکانی ئەمریکا دوودڵ نابین، و ئەگەر پێویست بکات سەرجەم ئەو کەشتیگەلە نەوتییە سنووردار و بێبەرگرییەی ئێران بە تەواوی تێکدەشکێنین."
چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، ئەکسیۆس بڵاوی کردبووەوە، ئەمریکا ستراتیژییەکی نوێی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە گەرووی هورمز راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوە هات سوپای ئەمریکا دوو نەوتهەڵگری ئێرانی کردە ئامانج. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی نوێدایە بە ناوی "نەوتهەڵگر بەرامبەر نەوتهەڵگر".
بەرپرسانی ئەمریکی بەو پێگەیان راگەیاندبوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رەزامەندی لەسەر ئەم سیاسەتە نوێیە دەربڕیوە بە مەبەستی رێگریکردن لە تاران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان. بەگوێرەی ئەم ستراتیژییە، ئەمریکا بەرامبەر هەر کەشتییەک کە لەلایەن ئێرانەوە هێرشی بکرێتە سەر، نەوتهەڵگرێکی ئێرانی دەکاتە ئامانج.