زێلێنسکی: ئامادەین بۆ دانوستان

سەرۆکی ئۆکراینا لە پەیامێکدا دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ نێردراوانی سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ ماوەی سێ رۆژ بۆردوومانکردنی مۆسکۆ رابگرێت بە مەرجێک رووسیاش هێرش نەکاتە سەر کیێڤ، هاوکات ئامادەییی تەواوی خۆی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ شاندەکەی واشنتن لە کیێڤ دەربڕی.

شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "کەمێک لەمەوبەر لەگەڵ نێردراوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا قسەم کرد؛ ئەوان ئەمڕۆ دەستیان بە کارەکانیان لەگەڵ لایەنی رووسی کردووە.

زێلێنسکی ئاماژەشی داوە، ئێمە ئامادەین پابەندی ئاگربەستی هێرشە ئاسمانییەکان بین لە دژی ئەو شارانەی کە پەیوەستن بە پرۆسەی دانوستانەکانەوە؛ ئێستا تاوەکو کۆتایی رۆژی شەممە، هەروەها لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەش، ئۆکراینا ئامادەیە خۆی لە هێرشکردنە سەر مۆسکۆ بەدوور بگرێت، و چاوەڕوانیشین رووسیا بە هەمان شێوە بەرامبەر بە شاری کیێڤ هەڵسوکەوت بکات."

زێلێنسکی لە درێژەی پەیامەکەیدا سەرنجی خستە سەر بارودۆخی سەربازی و گوتی: "ئەمڕۆ راپۆرتی فەرمیم لەلایەن یەڤهێنی خمارا وەزیری بەرگری، و میخایلۆ دراپاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرایناوە پێگەیشت سەبارەت بە بارودۆخی هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ، دۆخی هەڕەشەکان لە ئاسمانی ئۆکراینا، هەنگاوەکانمان و ئۆپەراسیۆنە بەرگرییە چالاکەکان؛ سوپاسگوزاریی خۆم ئاراستەی یەکە بە یەکەی جەنگاوەرانمان دەکەم بۆ بەرگریکردنی کاریگەرانەیان لە سەنگەرەکانی ئۆکراینا."

سەرۆکی ئۆکراینا جەختی لە گرنگیی بەهێزیی هەنگاوە دیپلۆماسییەکان کردەوە و گوتی: "لە کایەی دیپلۆماسیدا، دەبێت و دەشکرێت هەنگاوەکانمان 100٪ بەهێز و کاریگەر بن. پلانی دانوستانە دیپلۆماسییەکانی سبەینێ لە شاری کیێڤ بە بەشداریی تیمی ئەمریکا پەسەند کرا؛ ئێمە چاوەڕوانی گەیشتنی ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر دەکەین و بە تەواوی ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی بنەڕەتی و گرنگ. سوپاس بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە پاڵ ئۆکراینادا دەوەستن."

شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، کۆشکی کرملین رایگەیاند، بڕیاری راگرتنی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا، لە کاتی پێشوازیکردن لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر دراوە، بۆ ئەو مەبەستەش، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، بڕیارەکەی دەرکردووە و ماوەی ئەو سێ رۆژە هیچ هێرشێک بۆ سەر کیێڤ ناکەن.

نێردراوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شەممە بە مەبەستی گەڕان بەدوای دەرفەتێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەپێناو کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا گەیشتنە مۆسکۆ.