زەیدی و مالیکی جەخت لەسەر پێویستیی تەواوکردنی کابینەی حکوومەت دەکەنەوە
زەیدی و مالیکی پشتیوانی خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دووپات دەکەنەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لەسەر پێویستیی خێراکردن لە تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی حکوومەت رێککەوتن بە ئامانجی بەهێزکردنی ئەدای دامەزراوە فەرمییەکان.
شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، کۆبوونەوە.
بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتیی وڵات تاوتوێ کرا و گفتوگۆ لەبارەی چەند دۆسیەیەکی سیاسییەوە کرا.
هاوکات جەخت لەسەر گرنگیی پشتگیریکردنی هەوڵەکانی حکوومەت لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازیی ئابووری و کارگێڕیدا کرایەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی حکوومەت کرایەوە، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی کارکردنی حکوومەت و جێبەجێکردنی کارنامەکەی لەگەڵ سەرجەم ئەو پلانە ستراتیژی و بەرنامە گەشەپێدانانەی تێیدایە کە ئاستی وڵات بەرەو پێش دەبەن.