ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر نیوەکەی دیکەی کابینەی حكوومەتەکەی زەیدی نادرێت

پەرلەمانتاری عێراق، فەلاح خەفاجی لە فراكسیۆنی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە کوردستان24 رایگەیاند: ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پێكهاتەكەی كابینەی حكوومەت نادات، بەهۆی ئەوەی كۆمەڵێك كێشە و گرفت لەبەردەم تەواوكردنی كابینەی حكوومەت ماوە، جەخت لەوە دەكاتەوە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا كاندیدەكانی بۆ پۆستەكانی وەزارەتی ناوخۆ و خوێندنی باڵا پێشكەشی عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە. 

شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، بەگوتەی فەلاح خەفاجی پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، كاندیدەكانی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستە وەزارییەکان هەریەك لە قاسم عەتا كاندیدە بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، یاسر مالیكی كاندیدە بۆ پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵا، جگە لەوانە كاندیدێكی دیكە هەیە ئەویش عودەی سەمیرە. 

عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی هەفتەی رابردوو چوارچێوەی هەماهەنگیی گوتی: ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر پێكهاتەی كابینەی حكوومەت دەدرێت، چونكە گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان تەواو بوون. 

پێشتر هاوپەیمانیی عەزم، بە كوردستان24ـی راگەیاندبوو كاندیدەكانی خۆیان بۆ پۆستەكانی وەزارەتی پلاندانان و رۆشنبیری پێشكەشی عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە، بەڵام سوننەكان كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگریی یەكلا نەكردووەتەوە كە بەركەوتەی هاوپەیمانیی حەسمە و دوو كاندید هەبوون ئەوانیش، سابت عەباسی و عەبدولڕەحیم شەمەری. 

14ـی ئایار، پەرلەمانی عێراق، دەنگی پەرلەمانی عێراق،  دەنگی لەسەر كارنامەی حكوومەت و كابینەی حكوومەت دا و متمانەی بە 14 وەزیر بەخشی لە کۆی 23 وەزارەت، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەوە دەنگی لەسەر كاندیدەكانی دیكە بۆ پۆستە وەزارییەكان نەدا.