بافڵ تاڵەبانی سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی دەکات
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد، بەهۆی کۆچی دوایی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام، براگەورەی بنەماڵەی بارزانی.
شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی سەرەخۆشی و هاوخەمی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد، بەهۆی کۆچی دوایی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی.
سەرۆکی یەکێتی لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە: "بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتیی دیاری بنەماڵەکەتان، کاک عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانیمان پێگەیشت."
هەروەها بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "بۆ ئەم خەمە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بەڕێزتان و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمتان دەزانین."
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نزا دەکات و دەڵێت: "لە خوای گەورە داواکارین کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات، سەبووری و ئارامیش بە هەموو لایەک ببەخشێت."
رۆژی هەینی، 4ـی ئەیلوولی 2026 سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا کۆچی دواییی برا گەورەی بنەماڵەکەیان، (عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی)ی راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا، خوالێخۆشبێت نەوەی رێبەری نیشتمانی و ئایینی، شێخ عەبدولسەلام بارزانی بووە و نموونەی دینداری، خوداپەرستی، چاکەخوازی و کەسایەتییەکی دیار و گەورەی ناو بنەماڵەکەیان بووە.
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، پرسە و بەخاکسپاردنی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە بارزان بەرێوەدەچێت.