کەریم نووری: عێراق دەستپێشخەر بوو لە داخستنی کەمپی هۆل

"لێخۆشبوون ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە تاوانیان دژ بە ئێزدییەکان کردووە"

بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرای کرد، کەمپی هۆل کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین کەمپەکان و "بۆمبێکی تەوقیتکراو" دادەنرا، بە تەواوی داخراوە، ئەوەش دوای گەڕانەوەی زیاتر لە ٢١ هەزار هاووڵاتیی عێراقی لەو کەمپەوە.

شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: کەمپی هۆل لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بە تەواوی داخرا، کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین کەمپەکان دادەنرا.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، عێراق دەستپێشخەر بووە بۆ داخستنی ئەم کەمپە کە هاوشێوەی بۆمبێکی تەوقیتکراو و قوتابخانەیەک بوو بۆ بڵاوکردنەوەی هزری داعش.

بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئامارەکانی گەڕانەوەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "لە ساڵی 2021ـەوە تا ساڵی 2026، زیاتر لە 21 هەزار هاووڵاتیی عێراقی بە 33 کاروان لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە عێراق و رادەستی سەنتەری 'ئەمل' کراون، بە مەبەستی دووبارە شیاندنەوە و تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە."

جەختیشی لەوە کردەوە، لەو 21 هەزار عێراقییە، زیاتر لە 15 هەزاریان گەڕێندراونەتەوە ناوچەکانی خۆیان و لەو ماوەیەشدا هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی لەو ناوچانەدا رووی نەداوە.

سەبارەت بە دۆسیەی زیندانیانی داعش کە لە سووریاوە گوازراونەتەوە بۆ عێراق، کەریم نووری دڵنیایی دا کە ئەو کەسانە لە شوێنێکی تەواو پارێزراودان و هیچ ئەگەرێکی دەربازبوون یان هەڵاتنیان نییە.

 ئاماژەی بەوەش کرد، دادگاکانی عێراق بە تەواوی بەرپرسن لەم بابەتە و دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەیان بۆ دەکرێت؛ بە شێوەیەک هەر کەسێک تێوەگلانی لە ئەنجامدانی تاوان دژ بە خوشک و برایانی ئێزدی لەسەر ساغ بێتەوە، بە توندی سزا دەدرێت، یاسای لێخۆشبوون نەیانگرێتەوە و بە هیچ شێوەیەک ئازاد ناکرێن.

بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئاشکرای کرد، هێشتا هەزار و 200 هاووڵاتیی عێراقی لە سووریا ماونەتەوە و نەگەڕێندراونەتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەت لەگەڵ حکومەتی سووریا لە پەیوەندیدایە بۆ ئاسانکاریکردن لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو کەسانەی کە هیچ دۆسیەیەکی تاوانکارییان لەسەر نییە.

کەمپی هۆل کە پێشتر نزیکەی 24 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێ بوو (پێکهاتبوو لە 7 هەزار عێراقی، 15 هەزار سووری و شەش هەزار و 300 ئافرەت و منداڵی بیانی لە 42 نەتەوەی جیاواز)، هەمیشە وەک مەترسییەکی ئەمنیی گەورە سەیر دەکرا.

کەمپی هۆل، دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر، هێزەکانی سووریای دیمەکرات (هەسەدە) پاسەوان و بەڕێوەبەری کاروباریی تەناهیی کەمپەکەیان دەکرد.