بەڕاک: بە بێ گفتوگۆ، سوەیدا رووبەڕووی کارەساتێکی نوێ دەبێتەوە
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لە پەیامێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە نوێبوونەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە پارێزگای سوەیدا دەربڕی و داوای پاراستنی لێکتێگەیشتنی نێوان درووزەکان و هۆزە عەرەبەکان و گەڕانەوەی بۆ مێزی گفتوگۆ کرد، هاوکات رفاندنی کەسایەتییەکانی ناوچەکەی ئیدانە کرد.
شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە پەیامەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "ئێمە زۆر نیگەرانین لە نوێبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە سوەیدا. نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و سەفەدی، ئەیمەنسەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن واژۆمان لەسەر نەخشەڕێگایەکی سێقۆڵی بۆ ئاشتی لە سوەیدا کرد کە رێگایەک بوو بۆ یەکگرتنەوەیەکی شەرەفمەندانەی پارێزگاکە لەناو خاکی سووریادا بە دەستەبەرکردنی سەرجەم ماف و ئەرکەکانی هاووڵاتیبوون بۆ پێکهاتەی درووز، ئەو رێگایەش هێشتا وەک تاکە بژاردە دەمێنێتەوە کە رێگری لە گەڕانەوەی ئازار و خەم دەکات."
تۆم بەڕاک سەرنجی خستە سەر پێگەی درووزەکان و مەترسیی گرووپە چەکدارەکان و گوتی: "درووزەکانی سووریا گەلێکن خاوەن مێژوویەکی دێرین و شکۆدارن، بەڵام لەو شوێنانەی دەسەڵاتی دەوڵەت و حوکمڕانی تێیدا نادیارە، باندەکان بۆشایییەکە پڕ دەکەنەوە.
ئاماژەشی دا، ئەمڕۆ چەند کەسێکی کەم بە پاڵنەری ژەهراوی هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتییانی خۆیان، وەک ئەوەی بەرامبەر بە کەسایەتیی وەک عاتیف حونەیدی کرا کە بە شێوەیەکی ناڕەوا دەستبەسەر کرا و لە ماڵەکەی دەرکرا. گوتیشی: تیمی ئێمە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ حونەیدی و ئەو کەسانەی دیکەی کە بوونەتە قوربانیی ئەم توندوتیژییە ناوخۆیییە. پێویستە هاوکاریی نێوان درووزەکان، هۆزە عەرەبەکان و گەلانی دراوسێی سنووری سوەیدا لەسەر بنەمای لێبوردەیی و لێکتێگەیشتن بەردەوام بێت و تەنیا دەوڵەت خاوەنی بڕیاری بەکارهێنانی هێز بێت."
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە پرۆسەی لێپرسینەوە و چارەسەرییەکان کرد و گوتی: "حکومەتی سووریا دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە لەو تاوانە قورسانەی کە لە مانگی تەممووزی رابردوودا لەلایەن هێزەکانیەوە ئەنجامدراون و بەرپرسانی ئەو تاوانانە رووبەڕووی دادگا دەکاتەوە، کە ئەمە هەنگاوێکی جێی ئومێدە و دەبێت بەردەوام بێت؛ تاکە رێگەش بۆ پێشەوە، دیالۆگێکە کە لێپرسینەوە مسۆگەر بکات، ئاسایش بگەڕێنێتەوە و رێگە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی وێرانکارییەکان بکاتەوە.
هەروەها باسی لەوەش کردووە، ئێمە لە قۆناخێکی زۆر هەستیارداین لە ناوچەکە و جیهاندا، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دان بەخۆیاندا بگرن و بە رژدی لە پەیوەندیدا بن، چونکە جێگرەوەی گفتوگۆ سەرکەوتن نییە، بەڵکو دەستپێکی خولێکی نوێی پرسە و شینە."