پووتین: ئاستی متمانەمان بە نێوەندگیرەکانی ئەمریکا زۆر بەرزە
پووتین لە دیداری لەگەڵ نێردراوانی ئەمریکا: ترەمپ هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ چارەسەرکردنی شەڕی ئۆکراینا
سەرۆکی رووسیا بۆ جاری شەشەم لە کۆشکی کرێملین لە مۆسکۆ پێشوازی لە ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا و جارید کۆشنەر کرد بە مەبەستی تاوتوێکردنی رێگاکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، هاوکات فەرمانی دا بۆردوومانکردنی شاری کیێڤ بۆ ماوەی سێ رۆژ رابگیرێت وەک رێزگرتنێک لە پرۆسەی دانوستانەکان.
شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، لە دەستپێکی دانوستانە نوێیەکاندا لە کۆشکی کرێملن، ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی سەرۆکی ئەمریکا رووی لە ڤلادیمیر پووتی، نسەرۆکی رووسیا کرد و گوتی: "ئێمە بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەم کۆبوونەوەیە بووین؛ کەمێک لەمەوبەر لەگەڵ کیریل دمیتریێڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکایەتیی رووسیا، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا، و جارید کۆشنەر لە دەرەوەی ئەم نووسینگەیە وەستابووین و قسەمان لەسەر ئەوە دەکرد کاتێک خانەنشین دەبین چ یادەوەرییەکمان دەمێنێتەوە؛ بێگومان چیرۆکی زۆر هەن کە یادیان لێ دەکەینەوە، بەڵام گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئێوە یەکێک دەبێت لە باشترین و لەبیرنەکراوترین یادەوەرییەکانمان."
نێردراوی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا سوپاسی سەرۆکی رووسیای کرد بۆ قبووڵکردنی سیاسەتی راگرتنی بۆردوومان لە کیێڤ و مۆسکۆ لە ماوەی ئەم سێ رۆژەی دانوستانەکاندا تا بتوانن بە سەلامەتی گەشتەکەیان ئەنجام بدەن. پووتین لە وەڵامدا رایگەیاند: "داواکاریی راگرتنی هێرشەکان لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانی دەزگا هەواڵگرییەکان و وەزارەتی دەرەوە پێمانگەیشت، منیش فەرمانم دا بە هێزەکانمان کە هێرش بۆ سەر شاری کیێڤ ئەنجام نەدەن.
باسی لەوەش کرد، جێی ئاماژەیە لایەنی ئۆکراینیش هێرشەکانی بۆ سەر مۆسکۆ و خاکی رووسیا بە رێژەی دە هێندە کەمکردووەتەوە. هەرچەندە بەرپرسانی ئۆکراینا داوای ئاگربەستێکی بەرفراوانتری سێ رۆژەیان بڵاوکردەوە کە ئێمە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەسەری رێکنەکەوتبووین، بەڵام ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی پرۆسەی دانوستان و نێوەندگیرەکان، چ بۆ جەنابت و چ بۆ تەواوی تیمەکەت."
ڤلادیمیر پووتین وەڵامی شاندەکەی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند: "ئەمڕۆ سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکانی ئەم ململانێیە تاوتوێ دەکەین، ئێمەش لە لایەن خۆمانەوە ئامادەین دیدگای خۆمان بۆ دۆخەکە بخەینەڕوو. پەیوەندیی لەم شێوەیە هەمیشە سوودبەخشە، بەتایبەت کە ئێستا ئێوە دواتر بەرەو کیێڤ بەڕێ دەکەون."
پووتین لە درێژەی قسەکانیدا ستایشی هەوڵەکانی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد و گوتی: "من تێدەگەم کە ترەمپ بە شێوەیەکی گشتی لە دۆخێکی سەختدایە، سەرەڕای ئەوەش دەستبەرداری هەوڵەکانی نابێت بۆ گەیشتن بە چارەسەر و یەکلاکردنەوەی ململانێی رووسیا و ئۆکراینا. ئاستی متمانەی ئێمە بە ئێوە لەم کارەدا زۆر بەرزە، و کوالیتیی نێوەندگیری و متمانە بە نێوەندگیرەکان گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە."
سەرۆکی رووسیا گوتی: "پەیوەندیی لەم شێوەیە هەمیشە سوودبەخشە. لە پرۆسەی نێوەندگیریدا متمانە گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە و ئاستی متمانەی ئێمە بە ئێوە زۆر بەرزە و کارکردن لەگەڵتان ئاسوودەبەخشە. ئێمە ئامادەین دیدگای رووسیا بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە بخەینەڕوو، چونکە ئەم دۆخەی ئەمڕۆ هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین بە هیچ جۆرێک ئاسان نییە، و دەشزانین ئێوە دوای مۆسکۆ سەردانی کیێڤ دەکەن."