پەیامی هاوخەمیی بنەماڵەی فوئاد مەعسووم بۆ سەرۆک بارزانی

شیرین فوئاد مەعسووم، بە ناوی بنەماڵەی فوئاد مەعسوومەوە، پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد، بەهۆی کۆچی دوایی زانا، مێژوونووس و برای گەورەی بنەماڵەکەیان، خوالێخۆشبوو عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام.

شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، شیرین فوئاد مەعسووم، بە ناوی بنەماڵەی فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراقەوە، پەیامێکی سەرەخۆشی و هاوخەمی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد، بەهۆی کۆچی دوایی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی.

لە پەیامەکەدا هاتووە: "بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی؛ بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی، زانا، مێژوونووس و براگەورەی بنەماڵەکەتانمان پێگەیشت، هیواخوازین ئەمە دواکۆست و ناخۆشیتان بێت و هەمیشە لە دوور بن لە کۆست و لەدەستدانی ئازیزانتان."

شیرین فوئاد مەعسووم لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە: "بەناوی بنەماڵەکەمانەوە سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی جەنابتان، بنەماڵە و کەسوکاری کۆچکردوو دەکەین و، لە یەزدانی میهرەبان داواکارین رۆحی پاکی بە بەهەشتی بەرین شاد بکات."

هاوکات هیوای ئارامی و سەبووری بۆ دڵی خزم و کەسوکار و نزیکانی کۆچکردوو و سەرجەم گەلی کوردستان خواستوە.

رۆژی هەینی، 4ـی ئەیلوولی 2026 سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا کۆچی دواییی برا گەورەی بنەماڵەکەیان، (عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی)ی راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا، خوالێخۆشبێت نەوەی رێبەری نیشتمانی و ئایینی، شێخ عەبدولسەلام بارزانی بووە و نموونەی دینداری، خوداپەرستی، چاکەخوازی و کەسایەتییەکی دیار و گەورەی ناو بنەماڵەکەیان بووە.

بارەگای بارزانی لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردووە، یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، پرسە و بەخاکسپاردنی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە بارزان بەرێوەدەچێت.