سوپای پاسداران: نزیکی رێڕەوە رێگەپێنەدراوی گەرووی هورمز نەبنەوە
فەرماندەییی هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە وەڵامی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر سێ کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی، سێ کەشتیی نەوتهەڵگر و سێ کەشتیی دیکەی سەر بە واشنتنیان لە گەرووی هورمز و ناوچەکانی دیکە کردووەتە ئامانج، هاوکات هۆشداریی توند دەداتە سەرجەم کەشتییەکان لە ئاوەکانی کەنداو.
شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، فەرماندەییی هێزی دەریاییی سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، "بەیانیی ئەمڕۆ سوپای ئومریکا لە کردەوەیەکی دڕندانەدا و لە ئەنجامی بێئومێدبوونی لە داخستنی گەرووی هورمز، هێرشی کردە سەر سێ کەشتیی نەوتهەڵگری سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و زیانی پێگەیاندن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزی دەریاییی سوپای پاسداران لە وەڵامدا، سێ کەشتیی نەوتهەڵگریان لە رێڕەوی رێپێنەدراوی گەرووی هورمز و سێ کەشتیی دیکەی سەر بە ئەمریکایان لە ناوچەکانی دیکە کردە ئامانج."
هێزی دەریاییی سوپای پاسداران لە درێژەی پەیامەکەیدا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی سەرجەم کەشتییەکان کرد و گوتی: "لە دوای ئەم هەنگاوە، بە سەرجەم ئەو کەشتییانەی لە کەنداوی فارس و نزیک گەرووی هورمز ئامادەن رادەگەیەنین کە نەکەونە داوی فێڵەکانی سوپای ئەمریکاوە و لە هەر جووڵەیەکی گوماناوی بە مەبەستی تێپەڕبوون بە رێڕەوە ئاوییە رێپێنەدراوەکاندا خۆتان بەدوور بگرن، بە پێچەوانەوە راستەوخۆ دەکرێنە ئامانجی هێرشەکانمان."
هەر ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند, لە وەڵامی هاویشتنی مووشەکی بالیستیک لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ سەر دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکا، سێ کەشتیی نەوتهەڵگری گەورەی ئێرانیان لە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عومان بە تەواوی تێکشکاندووە و پەکخستووە.
چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، ئەکسیۆس بڵاوی کردبووەوە، ئەمریکا ستراتیژییەکی نوێی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە گەرووی هورمز راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوە هات سوپای ئەمریکا دوو نەوتهەڵگری ئێرانی کردە ئامانج. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی نوێدایە بە ناوی "نەوتهەڵگر بەرامبەر نەوتهەڵگر".
بەرپرسانی ئەمریکی بەو پێگەیان راگەیاندبوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رەزامەندی لەسەر ئەم سیاسەتە نوێیە دەربڕیوە بە مەبەستی رێگریکردن لە تاران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان. بەگوێرەی ئەم ستراتیژییە، ئەمریکا بەرامبەر هەر کەشتییەک کە لەلایەن ئێرانەوە هێرشی بکرێتە سەر، نەوتهەڵگرێکی ئێرانی دەکاتە ئامانج.