دانا ئەحمەد مەجید بە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا

گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆتاییهاتنی چوارەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەکە ڕایگەیاند، گۆڕان سەرجەم کێشە یاسایییەکانی چارە کردووە و لەمەودوا تەنیا یەک بزووتنەوە و یەک ئاراستەی فەرمی بوونی هەیە.

شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، بزووتنەوەی گۆڕان، چوارەمین کۆنفرانسی نیشتمانیی خۆی لە شاری سلێمانی بەڕێوە برد، کە تێیدا بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی بزووتنەوەکە، دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری گشتیی نوێی گۆڕان هەڵبژێردرا.

دوابەدوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەی کۆنفرانسەکە، چۆمان محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: بەم کۆنفرانسە، بزووتنەوەی گۆڕان کۆتایی بە سەرجەم کێشە یاسایییەکانی هێناوە و هیچ ئاستەنگێکی یاسایی لەبەردەم کارەکانیدا نەماوە.

گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان جەختی لەوەش کردەوە، لەمەودوا تەنیا یەک بزووتنەوەی گۆڕان و یەک ئاراستەی فەرمی بوونی هەیە، کە لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دانی پێدا نراوە و شەرعییەتی تەواوی هەیە.