هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت: عێراق بە دۆخێکی دارایی سەختدا تێدەپەڕێت

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت جەختی لە پێویستیی دوورخستنەوەی عێراق لە لێکەوتەی سزاکانی ئەمریکا کردەوە و رایگەیاند: کە وڵاتەکە بە دۆخێکی دارایی سەختدا تێدەپەڕێت. هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ یەکخستنی هەڵوێستی نیشتمانی و پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی عێراق دووپات کردەوە.

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، 38ـەمین کۆبوونەوەی خۆی لە لە بەغدا بەڕێوە برد، کە تێیدا چەندین دۆسیەی ئابووری، سیاسی و یاسایی گرنگی وڵات گەنگەشە کران.

بە پێی راگەیەنراوەی هاوپەیمانییەکە، لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان جارێکی دیکە پشتگیریی خۆیان بۆ هەوڵەکانی حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەری لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و راوەدووکردنی گەندەڵکاران دووپات کردەوە.

سەبارەت بە دۆخی سیاسی و هەرێمی، هاوپەیمانییەکە جەختی لە یەکخستنی هەڵوێستی نیشتمانی و پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی عێراق کردەوە. 

هەورەها هۆشداری دا لە پێویستیی دوورخستنەوەی عێراق لە لێکەوتەکانی ئەو سزایانەی ئەمریکا کە بەسەر هەندێک وڵاتدا دەسەپێنرێت، چونکە عێراق بە دۆخێکی دارایی سەختدا تێدەپەڕێت و بەرگەی سەرکێشی ناگرێت. جەختیشی لەسەر هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان پێکهاتەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کردەوە.

پەیوەست بە تەواوکردنی کابینەی حکوومەت، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کرا کە گفتوگۆی فەرمی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێبکات. 

هەروەها جەخت لەسەر گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز کرایەوە بۆ ئامادەکردنی و ناردنی بۆ پەرلەمانی عێراق.

لە راگەیەنەراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئامادەبووان پاڵپشتیی خۆیان بۆ رەتکردنەوەی گوتاری تایفی، بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بە گوێرەی دەستوور دووپات کردەوە.