سەلام کەریم خان پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکات

سەلام کەریم خان و فەیسەڵ کەریم خان سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بارزانی دەکەن

سەلام کەریم خان برادۆستی و فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی، سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆیان ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد، بەهۆی کۆچی دوایی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام.

سەلام کەریم خان برادۆستی، سەرۆکی هۆزی برادۆست لە پەیامەکەیدا کە ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کردووە، رایگەیاندووە: "بەهۆی کۆچی دوایی شێخ عەبدولواحید بارزانی، بە ناوی بنەماڵەی کەریم خان برادۆستی و تەواوی هۆزی برادۆستەوە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی جەنابتان و تێکڕای بنەماڵە و کەسوکاری کۆچکردوو دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمتان دەزانین؛ لە خودای گەورە داواکارین کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات."

لە لایەکی دیکەوە، فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی، لە پەیامێکدا کە ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، رایگەیاندووە: "بەهۆی کۆچی دوایی شێخ عەبدولواحید بارزانی، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆم ئاراستەی جەنابتان و بنەماڵە بەڕێزەکەتان و کەسوکاری کۆچکردوو دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمتان دەزانم."

رۆژی هەینی، 4ـی ئەیلوولی 2026 سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا کۆچی دواییی برا گەورەی بنەماڵەکەیان، (عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی)ی راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا، خوالێخۆشبێت نەوەی رێبەری نیشتمانی و ئایینی، شێخ عەبدولسەلام بارزانی بووە و نموونەی دینداری، خوداپەرستی، چاکەخوازی و کەسایەتییەکی دیار و گەورەی ناو بنەماڵەکەیان بووە.

بارەگای بارزانی لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردووە، یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، پرسە و بەخاکسپاردنی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە بارزان بەرێوەدەچێت.