کرێملین وردەکاریی کۆبوونەوەی پووتین لەگەڵ نێردراوانی ترەمپ ئاشکرا دەکات

سەرۆکی رووسیا، لەگەڵ نێردراوانی ترەمپ کۆبووەوە؛ چەندین بیرۆکە و بژاردە بۆ چارەکردنی ململانێی ئۆکرانیا و پەرەپێدانی پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا تاوتوێ کران.

میدیاکانی رووسیا کۆتاییهاتنی گفتوگۆ چڕەکانی نێوان ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا و ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نێردراوانی تایبەتی دۆناڵد ترامپیان لە مۆسکۆ راگەیاند؛ لە کۆبوونەوەکەدا پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا گەنگەشە کران.

یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا لە راگەیەنەراوێکدا رایگەیاند: کۆبوونەوەکە سێ کاتژمێر و دە خولەکی خایاندووە و نوێنەرانی ترەمپ بە باشی خۆیان بۆ ئەم سەردانە ئامادە کردبوو، کە تێیدا چەندین بیرۆکەی نوێیان بۆ چارەکردنی ململانێی ئۆکرانیا پێشکەشی پوتین کردووە. ئوشاکۆڤ کۆبوونەوەکەی بە "جەوهەری، بونیادنەر و تا رادەیەکی زۆر راشکاو" وەسف کرد.

بە گوتەی یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا، نێردراوانی ئەمریکا بەڵێنیان داوە کە تێبینی و هەڵسەنگاندنەکانی پووتین بۆ ئەم بژاردانە، لە میانی کۆبوونەوەکانی سبەینێیاندا لەگەڵ بەرپرسانی کیێڤ بەکاربهێنن.

لە لایەکی دیکەوە، پووتین لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە پێویستیی چارەکردنی ریشەییی سەرجەم هۆکارەکانی دروستبوونی ململانێی ئۆکرانیا کردەوە و پابەندبوونی خۆی بۆ بەردەوامبوونی کارە هاوبەشەکان لەگەڵ ئەمریکا بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەیەکی سیاسی و دیپلۆماسی دووپات کردەوە.

هەروەها پووتین ئاماژەی بە سەرکەوتنەکانی هێزەکانی رووسیا دا و متمانەی خۆی بە توانای سوپای وڵاتەکەی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی دەربڕی.

لەم چوارچێوەیەدا، ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی ترامپ ستایشی بڕیارەکەی پووتینی کرد بۆ راگرتنی هەر هێرشێک بۆ سەر کیێڤ لە ماوەی سەردانی شاندە ئەمریکییەکەدا بۆ مۆسکۆ.

ئوشاکۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد، کە پووتین و ترەمپ پەیوەندییە کەسییەکانیان دەپارێزن، لە کاتێکدا کار و هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولا لە رێگەی ویتکۆف و کوشنەرەوە بەردەوام دەبێت. 

گفتوگۆکانی نێوان پووتین و نێردراوانی ئەمریکا تەنیا لەسەر پرسی جەنگی ئۆکرانیا نەبوو، بەڵکو دۆسیەی پڕۆژە گەورە و هاوبەشە ئەگەرییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکاشی گرتەوە.