ئەمریکا و ئێران کەشتییە جەنگییەکانی یەکتر بە ئامانج دەگرن
بەرپرسانی ئەمریکا بە وۆڵ ستریت جورناڵیان رایانگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران بە درێژایی ماوەی ململانێکان مووشەکی بالیستیی ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا کردووە، بەڵام بەئامانجگرتنی دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکا، کە یەکێکیان فڕۆکەهەڵگرە، بە مەترسییەکی گەورە ناودەبەن.
لای خۆیەوە پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا هەڕەشەی بەئامانجگرتنی سەرجەم نەوتهەڵگرەکانی ئێرانی لە ناوچەکانی فەرماندەیی ناوەندی و زەریای هێمن کرد. هێگسێت گوتی: "ئەگەر ئێران تەقە لە کەشتییەکانمان بکات، ئێمەش نەوتهەڵگرەکانیان وێران دەکەین و نوقمیان دەکەین".
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی وۆڵ ستریت جورناڵ بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئەمریکا روونیکردەوە، واشنتن هەفتەی رابردوو دەستی بە بەئامانجگرتنی نەوتهەڵگرەکانی ئێران کردووە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ستراتیژێکی نوێدا بووە بۆ سزادانی تاران و سنووردارکردنی تواناکانی ئەو وڵاتە بۆ هەناردەکردنی نەوت.
سێشەممەی رابردوو، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، سێ نەوتهەڵگریان کردووەتە ئامانج کە بە رێگەیەکی رێگەپێنەدراودا لە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون. هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد، سێ کەشتیی ئەمریکیشیان لە ناوچەکانی دیکە کردووەتە ئامانج و رایانگەیاند، ئەو کارە وەڵامێک بووە بۆ بەئامانجگرتنی سێ نەوتهەڵگری ئێرانی لەلایەن ئەمریکاوە.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا هۆشدارییەکی ئاراستەی سەرجەم ئەو کەشتییانە کرد، لە کەنداو و نزیک گەرووی هورمزدان. ئەو هێزە داوای لە کەشتییەکان کرد خۆیان لە هەر جووڵەیەکی گوماناوی بۆ پەڕینەوە لە رێڕەوە ئاوییە رێگەپێنەدراوەکان بەدوور بگرن، بە پێچەوانەوە دەبنە ئامانج.
بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێران شەوی رابردوو جەختیکردەوە، بەردەوامبوونی بەئامانجگرتنی کەشتییە ئێرانییەکان بە لێدانی توندتر دژی کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا وەڵام دەدرێتەوە.
پێشتر سوپای ئەمریکا رایگەیاند، سێ نەوتهەڵگری سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆردومان و وێران کردووە، ئەوەش لە وەڵامی تەقەکردنی سوپای پاسداران لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا.
واشنتن هەوڵ دەدات لە رێگەی سەپاندنی گەمارۆ لەسەر بەندەرەکان و سزای توند و لاوەکی لەسەر ئەو وڵاتانەی مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن، ئابووریی تاران بخنکێنێت. لە هەمان کاتیشدا، واشنتن هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی بە کراوەیی هێشتووەتەوە.