ترەمپ رەخنە لە سیاسەتی کۆچبەریی ئیسپانیا دەگرێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی کۆچبەران، رەخنەی لە ئیسپانیا گرت و رایگەیاند، ئەو وڵاتە هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەر سنوورەکانیدا نەماوە.

ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "ئەوەی لە ئیسپانیا روودەدات مایەی نیگەرانییە، وڵاتێک کە هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەر سنوورەکانیدا نییە".

دوێنێ شەممە، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "جی بی نیوز"ی بەریتانی، چوونی ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری بۆ سەبتە لە کۆتایی مانگی تەممووزدا بە داگیرکردنی وڵات ناوبرد. ترەمپ جەختیکردەوە، دۆخەکە دەرئەنجامی شکست لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی کۆچبەرانە و هۆشدارییدا کە ئیسپانیا بەرەو مایەپووچبوون دەچێت.

سەرەتای ئەم مانگە، سەبتە و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئیسپانیا بەهۆی شەپۆلی کۆچبەران، خۆپیشاندانی بەرفراوانیان بەخۆوە بینی. سەدان هەزار هاووڵاتی بەشدارییان لەو خۆپیشاندانانەدا کرد و داوایان لە حکوومەتی پێدرۆ سانچێز کرد رێوشوێنی پێویست دژ بە کۆچبەریی نایاسایی بگرێتە بەر.

رووداوەکانی سەبتە نیگەرانیی لای بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا دروست کردووە. هەینیی رابردوو، دەسەڵاتدارانی ئیتالیا، کۆماری چیک، فینلاند و دانیمارک داوایان کرد ئەندامێتیی ئیسپانیا لە ناوچەی شینگن بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەسێردرێت.

رۆژی هەینی 31ـی تەممووزی 2026، 70 هەزار کەس لە مەغریب بە رێگەی وشکانی و دەریا هەوڵی چوونە ناو سبتەیان داوە، ئەمە بە یەکێک لە گەورەترین شەپۆلەکانی کۆچ دادەنرێت بۆ سەر سنوورە زەمینییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە ئەفریقا. دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا ئاشکرایان کرد، نزیکەی 48 هەزار کەس لە ماوەی 48 کاتژمێردا گەڕێندراونەتەوە بۆ مەغریب.

میگێل ئەنخێل پێرێز، نوێنەری حکوومەتی ئیسپانیا لە سبتە، رایگەیاند جگە لە گیانلەدەستدانی 72 کەس، زیاتر لە 1000 کەسی دیکەش لە ناوەندە تەندروستییەکان چارەسەریان وەرگرتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، دۆخی شارەکە بەرەو باشتربوون دەچێت، بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە بۆ ئاساییبوونەوەی تەواوەتی.