هاتوچۆی سلێمانی بۆ راییکردنی مامەڵە، شەفتی ئێواران زیاد دەکات

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند؛ بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و چارەسەرکردنی ئەو لۆدەی لە ماوەکانی رابردوودا لەسەر بەشەکە هەبوو، بڕیارییدا بە شێوەیەکی ئەزموونی شەفتی ئێواران بۆ راییکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان دەستپێبکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی - بەشی مۆڵەت وەرگرتنی کۆدی نۆرەگرتن وەک پێشتر لە شەممان کاتژمێر 7:00ـی ئێوارە دەبێت و هاوڵاتییان خۆیان دەتوانن کاتی سەردانەکەیان بۆ بەیانیان یان ئێواران دیاری بکەن. لە دەستپێکی ئەم پڕۆسەیەدا و بۆ ئەم هەفتەیە، شەفتی ئێواران تەنیا دووشەممە 7/9/2026 و سێشەممە 8/9/2026 بەردەست دەبێت. هاوکات شەفتی بەیانیان لە یەکشەممە تا پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و مامەڵەی هاوڵاتییان وەک پێشتر راییدەهێنێت.

ئەو هاوڵاتییانەی بۆ دووشەممە و سێشەممە شەفتی ئێواران هەڵدەبژێرن، پێویستە کاتژمێر 1:30ـی پاش نیوەڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئامادەبن.