دوو موڵکی موجتەبا خامنەیی بە 36 ملیۆن پاوەند دەفرۆشرێن
دوو موڵکی گرانبەهای لەندەن بە بەهای 36 ملیۆن پاوەند خرانە بازاڕەوە بۆ فرۆشتن، دوای ئەوەی خاوەنەکەیان سزای بەسەردا سەپێنرا بە تۆمەتی کارکردن و کۆکردنەوەی سامان بۆ موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران.
عەلی ئەنساری لە ساڵانی 2014 و 2016 بە بڕی 36 ملیۆن پاوەند ئەو موڵکانەی کڕیوە و دەکەونە شەقامی "پاڵاس گرین" لە نزیک کۆشکی "کێنگیستۆن" لە رۆژئاوای شاری لەندەن، هاوکات نزیکن لە شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمیی شازادەی وێڵز.
یەکێک لە شوقەکان رووبەرەکەی 3944 پێی چوارگۆشەیە، پێکدێت لە پێنج ژووری نووستن و دەکەوێتە نهۆمەکانی شەش و حەوت. لە ساڵی 2016 بە 19 ملیۆن پاوەند کڕدراوە، بەڵام ئێستا بە کەمتر لە 12 ملیۆن پاوەند دەفرۆشرێت.
شوقەکەی دیکەش دەکەوێتە نهۆمەکانی حەوت و هەشت و لە ساڵی 2014 بە زیاتر لە 16 ملیۆن پاوەند کڕدراوە. فرۆشتنی موڵکەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی "نایت فرانک" و "سۆدبیز" سەرپەرشتی دەکرێت. شوقەکان نزیکن لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل و لەلایەن پۆلیسی چەکداری بەریتانیاوە پاسەوانی دەکرێن.
مانگی تەممووزی رابردوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر ئەنساریدا سەپاند و رایگەیاند، ئەم بازرگانە سەرپەرشتیی تۆڕێکی گەورەی دارایی دەکات بۆ بەرژەوەندیی رێبەری ئێران و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە. هاوکات ئەمریکا تۆمەتباری کرد بە دزینی ملیاران دۆلار لە پارەی گەلی ئێران، هەرچەندە خۆی رەتی دەکاتەوە هیچ کارێکی نایاسایی کردبێت.
ساڵی رابردوو حکوومەتی بەریتانیا سزای بەسەر ئەم بازرگانەدا سەپاند بە تۆمەتی پاڵپشتیکردنی دارایی سوپای پاسداران، بەمەش گەشتکردنی لێ قەدەخە کرا و تەواوی سامانەکەی لەو وڵاتە سڕ کرا. لە ئێستادا بەهۆی نەدانی قەرزی شوقەکان، حکوومەت رێگەی بە قەرزدەرەکان داوە موڵکەکان بفرۆشنەوە بۆ وەرگرتنەوەی پارەکانیان، بەڵام هەر قازانجێکی زیادە لە پرۆسەی فرۆشتنەکە سڕ دەکرێت تاوەکو سزاکانی سەر ئەو کەسە بەردەوام بن.
رۆژنامەی "سەندەی تایمز" ئاشکرای کردووە، عەلی ئەنساری بە بێدەنگی خاوەندارێتیی چەندین موڵکی گرانبەهای لە لەندەن بەدەستهێناوە بە بەهای زیاتر لە 140 ملیۆن پاوەند. تەنیا لە شەقامی بیشۆپس ئەڤینیو، کە بە "شەقامی ملیاردێرەکان" ناسراو، خاوەنی 12 موڵکە بە بەهای 73 ملیۆن پاوەند.
ئەو موڵکانەی لە رێگەی کۆمپانیایەکی ساختەوە لە دوورگەی مان کڕیوە، سەرەڕای بوونی کۆشکێک بە بەهای نزیکەی 34 ملیۆن پاوەند بە ناوی خۆیەوە تۆمار کراوە. ئەم موڵکانەی دیکە تاوەکو ئێستا بۆ فرۆشتن نەخراونەتەڕوو.
ئەم بازرگانە تەمەن 57 ساڵە لە ناوچەیەکی داخراوی دوبەی دەژی و بە "بێڤرلی هیڵز"ـی ئیمارات ناو دەبرێت، هەروەها هەڵگری پاسپۆرتی ئێران و قوبرس و سەینت کیتسە. پێشتریش لە ساڵی 2012 بانکی ئایەندەی لە ئێران دامەزراند. بانکەکە بەهۆی پێدانی قازانجی زۆرەوە تووشی قەرزێکی گەورە بوو، تاوەکو لە کۆتاییدا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا داخرا و قەرزەکانی خرایە ئەستۆی بانکی میللیی حکوومی لە ئێران. سەبارەت بە شوقەکانی لەندەن، نە ئەنساری و نە خامنەیی تاوەکو ئێستا سەردانیان نەکردوون، بەڵام پەیوەندیی نێوان خێزانی هەردووکیان بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
موجتەبا خامنەیی تەمەن 56 ساڵ، لە مانگی شوباتی رابردوودا و دوای گیانلەدەستدانی عەلی خامنەیی باوکی لە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، وەک رێبەری باڵای ئێران دیاری کرا. لەو کاتەوە بە ئاشکرا دەرنەکەوتووە.