گویانا رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی کۆچبەرانی دیپۆرتکراوی ئەمریکا دا

گویانا لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نوێدا لەگەڵ ئەمریکا، رازی بوو پێشوازی لەو کۆچبەرانە بکات کە لە ئەمریکاوە دیپۆرت دەکرێنەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ئیدارەکەی هەڵمەتێکی توندی دژی کۆچبەران دەستپێکرد، ئەم هەڵمەتە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتی سێیەم دەگرێتەوە.

گویانا رازی بووە ژمارەیەکی سنووردار لەو کۆچبەرانە وەربگرێت کە هیچ تاوانێکیان لە ئەستۆدا نییە، نووسینگەی عرفان عەلی، سەرۆکی گویانا لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە "ئەم رێککەوتنە درێژکراوەی پابەندبوونی پتەوی گویانایە بە مافەکانی مرۆڤ و هاوکاریی نێودەوڵەتی".

هاوکات چەند وڵاتێکی دیکەی ئەمریکای ناوەڕاست و ناوچەی کاریبی رازی بوون هاوکاریی هەڵمەتەکەی ترەمپ بکەن. ئەو هەڵمەتە تا ئێستا بووەتە هۆی دیپۆرتکردنی 250 ڤێنێزوێلی بۆ زیندانی سێکۆتی پڕ لە چاودێری لە سەلڤادۆر.

گویانا لە راگەیەندراوەکەیدا دووپاتی کردەوە، ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ ئەمریکا کاتییە و بە مانای نیشتەجێکردنی هەمیشەیی کۆچبەران نایەت، بەرپرسانی گویانا روونیان کردەوە، کۆچبەران بە ویستی خۆیان بۆ گویانا دەگوازرێنەوە و لەوێ چاوەڕێی دەرەنجامی دیاریکردنی بارودۆخی یاسایی خۆیان دەکەن.

بەپێی ئەو دەرەنجامەش، کۆچبەران یان بۆ وڵاتانی خۆیان دەگەڕێندرێنەوە یان لە گویانا دەمێننەوە.