میوەی کوردستان لە نێو جەرگەی ئیستانبوڵ دەفرۆشرێت
لە شارۆچکەی فاتیح لە ئیستانبوڵ، بازاڕێکی تایبەت بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی باکووری کوردستان هەیە، تێیدا میوە و سەوزەی هاوینە و پاییزەی شارە جیاوازەکان لەلایەن کاسبکارانی کوردەوە دەفرۆشرێت.
لە بازاڕی کوردەکان لە شارۆچکەی فاتیحی ئیستانبوڵ، دەیان کاسبکار و بازرگانی کورد سەرقاڵی فرۆشتنی ئەو میوە و سەوزانەن کە لە باکووری کوردستانەوە هێناویانتە ئەو شارە. لە بازاڕەکەدا بەرهەمەکانی وەکوو کاڵەکی سێرت و جزیری، سێوی بەرواری، تێروزی و خەیاری مێردین، لەگەڵ بیبەری مەرەش دەفرۆشرێن.
حەکیم پۆلات، میوەفرۆش لە بازاڕەکە، بە موراد ئاکنجی، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، بەرهەمەکان لە شارەکانی بەدلیس، وان، سێرت، مووش و جۆڵەمێرگەوە دەهێنن. ئاماژەی بەوەش دا، سێوی بەرواری زۆر ئاودارە و کاڵەکی جەفانیش قەبارەکەی گەورەیە و زۆر شیرینە.
هاووڵاتییەک لە ناو بازاڕەکەدا، باسی لەوە کرد، بەرهەمەکان لە مێردینەوە دەهێنرێن و زۆر سرووشتین، خەڵکیش بە تامەزرۆییەوە دەیانکڕن.
هاووڵاتییەکی دیکەی تەمەن 72 ساڵ، ئاماژەی بەوە دا، بەرهەمەکان زۆر سروشتین و تامیان زۆر خۆشە. ئەوەشی خستەڕوو، بیبەری مەرەش و تێروزییەکان تامی رابردوویان پێ دەبەخشێت و بیرەوەرییەکانی گەنجییان بۆ دەهێنێتەوە.
سەبارەت بە نرخەکانیش لەو بازاڕەدا، یەک کیلۆگرام کاڵەک بە 80 لیرەیە و یەک کیلۆگرام تێروزی لە نێوان 130 بۆ 150 لیرە دەفرۆشرێت، چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ترێی باکووری کوردستان بگاتە بازاڕەکە.
ئەم بازاڕە مێژوویەکی دێرینی هەیە و لە دەیەکانی رابردوودا بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ ئەو کوردانەی لە شارەکانی باکووری کوردستانەوە (وەک سێرت، ئامەد، مێردین و بەدلیس) کۆچیان کردووە بۆ ئیستەنبووڵ. بازاڕەکە بە فرۆشتنی بەرهەمە خۆماڵییەکانی وەکوو پەنیر، هەنگوین، گۆشت، و میوە و سەوزەی وەرزیی ناوچە کوردییەکان ناوبانگی دەرکردووە.
ئەم شوێنە نەک تەنیا ناوەندێکی بازرگانییە، بەڵکوو بووەتە پردێکی کولتووری و کۆمەڵایەتی بۆ کوردانی دانیشتووی ئیستەنبووڵ، بۆ ئەوەی بەرهەمە رەسەنەکانی زێدی خۆیان دەستبکەوێت.