لێدوانەکانی حەسەن رۆحانی لە ناوخۆی ئێراندا هەرا دەنێتەوە
حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، بەهۆی داوای راوێژکردن بە گەل بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و رەخنەگرتن لە سیاسەتی تۆڵەسەندنەوە، تووڕەیی و ناڕەزایەتی بەرەی پارێزگارانی وڵاتەکەی لێکەوتەوە، ئەو هەڵوێستانەی رۆحانی لەبارەی گەرووی هورمز، لەلایەن نەیارەکانییەوە بە نەرمییەکی زیاد لە پێویست لێکدرایەوە.
کەناڵەکانی راگەیاندن و کەسایەتییەکانی بەرەی پارێزگاران لە ئێران پێیان وایە ئەم لێدوانانە گومان دەخەنە سەر ستراتیژی "بەرگری و رێگری" کە ئێران لە سایەی ئاڵۆزییە ناوچەییەکان پەیڕەوی دەکات، رەخنەگران جەختیان لەوە کردەوە، داواکردنی راپرسی یان راوێژکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ، وەک پاشەکشێ بەرامبەر بە فشارە دەرەکییەکان لێک دەدرێتەوە.
هاوکات لێدوانەکانی لەبارەی گەرووی هورمز و تۆڵەسەندنەوەش بە هەوڵێک بۆ بێهێزکردنی ئامرازەکانی رێگریی تاران وەسف کرا.
ئەم دەربڕینانەی رۆحانی نیگەرانیی لە ناوەندە سیاسی و بەرەی پارێزگارەکانی ئێران دروست کردووە، لایەنەکان ترسی ئەوەیان هەیە ئەو هەڵوێستانە بۆ پاساودانی سازشکردن لەو دۆسیانەدا بەکاربهێنرێن کە تاران بە بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەریی وڵاتەکەی دەزانێت.
لێدوانەکان لێکدژبوونێکی قووڵ لەنێوان دەستەبژێری سیاسی ئێراندا دەردەخەن سەبارەت بە چۆنیەتی رزگاربوون لە دۆخی جەنگ، لە کاتێکدا رەوتی توندڕەو پێداگرە لەسەر هەڵوێستێکی توند و بەکارهێنانی گەرووی هورمز وەک کارتی فشار، بەشێک لە میانڕەوەکان کە رۆحانی یەکێکە لەوان، پێیان وایە بەردەوامبوونی جەنگ بێ ئاسۆیەکی روون، زیانی زیاتر بە ئابووری و کۆمەڵگە دەگەیەنێت، ئەم کێشمەکێشە رەنگدانەوەی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکەی نێوان چاکسازیخوازان و پارێزگارانە کە لەگەڵ زیادبوونی تێچووە مرۆیی و ئابوورییەکاندا قووڵتر دەبێتەوە.
حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2021، لەسەر رێبازی چاکسازیخوازی میانڕەو هەژمار دەکرێت، ئەو رۆڵێکی بەرچاوی لە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 هەبووە، دوای تەواوبوونی خولەکەی، رۆحانی وەک کەسایەتییەکی سیاسی تا رادەیەک کاریگەر ماوەتەوە، بەڵام لە سایەی دەسەڵاتی پارێزگاران و توندڕەواندا پەراوێز خراوە..