قالیباف: ئەو ڤیدیۆیانەی سوپای ئەمریکا بڵاویاندەکاتەوە ژیریی دەستکردن

محەممەد باقر قالیباف
محەممەد باقر قالیباف

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریی تووند دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیەنێت، سەردەمی وەڵامدانەوەی هاوسەنگ کۆتایی هاتووە، هەر هێرشێکیش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان بکرێت، بە خێرایی و بە شێوەیەکی قورستر وەڵام دەدرێتەوە، هاوکات جەخت لە پێویستیی باشترکردنی دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی دەکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 06ـی ئەیلوولی 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە گوتارێکدا رایگەیاند، "دوژمن هەموو توانایەکی بۆ گوشار خستنە سەر گەلی ئێران خستووەتەگەڕ، بەڵام بە هەوڵی هەموولایەک و خۆڕاگریی خەڵک، لە شەڕی ئابووریشدا لووتی دوژمن دەشکێنن".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریی دایە واشنتن و گوتی، "ئەمریکییەکان تێگەیشتوون سەردەمی وەڵامدانەوەی هاوسەنگ کۆتایی هاتووە. ئێستا لە نێوەڕاستی جەنگێکی گشتگيرداین، بەهۆی لێدانە قورسەکانی هێزە سەربازییەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا، سەرکردەکانی ئەو وڵاتە بێهیوا بوون و پەنایان بۆ دروستکردنی وێنە و ڤیدیۆی ساختە بە ژیریی دەستکرد بردووە".

 هەروەها ئەوەی خستەڕوو، لێدانەکان تەنیا سەرەتایەک بوون، ئەگەر تاوەکو ئێستا تێنەگەیشتوون، دەبێت بزانن یاساکانی یارییەکە گۆڕاون، لەمەودوا هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر بەرژەوەندی و ئاسایشی ئێران، وەڵامێکی خێراتر، قورستر و بەئازارتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکە، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران روونی کردەوە، لە پاڵ مەیدانی سەربازیدا، شەڕی سەرەکییان لە بوارەکانی بەرهەمهێنان و بژێویی خەڵکدایە. ناجێگیریی نرخی دراو، هەڵاوسان، بێکاری و بەڕێوەبردنی بازاڕ ئەو چوار کێشە سەرەکییەن گوشاریان خستووەتە سەر هاووڵاتییان.

گوتیشی، "لەکاتێکدا دوژمن بە تووندکردنی سزاکان دەیەوێت ئابووریی ئێران پەکبخات، پێویستە پشت بە بەرهەمی ناوخۆ و توانای گەنجان ببەسترێت. خەڵک بەرگەی سەختییەکان دەگرن، بەڵام بەرگەی خراپ بەڕێوەبردن و کەمتەرخەمی ناگرن، لەبەرئەوە چاوەڕوانن بە خێرایی چارەسەری ئەم دۆخە بکرێت".

وەک قالیباف گوتی، رێبەری باڵای ئێران رێنمایی داوە خۆیان بە لاواز نیشان نەدەن، ئەمەش رێکارێکی ستراتیژییە پێویستە لە هەموو بوارەکاندا رەچاو بکرێت. ئەمە بەو واتایە نایەت رەخنە و کێشەکان فەرامۆش بکرێن، بەڵکوو پێویستە چارەسەرکردنیان بخرێتە بەرنامەی کاری سەرەکییەوە.

 قسەکانی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کاتێکدایە، ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن. لە ماوەی رابردوودا چەندین جار بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و ناوچەکە کراونەتە ئامانج، لە بەرانبەریشدا ئەمریکا بە هێرشی ئاسمانی و سەپاندنی سزای ئابووریی قورس وەڵامی داونەتەوە، ئەم سزایانە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر بازاڕەکانی ئێران داناوە و بوونەتە هۆی دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی و بەرزبوونەوەی بێکاری و هەڵاوسان لەو وڵاتەدا.