سەرکردەکانی ئیمارات سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان دەکەن
سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و جێگرانی، بەبۆنەی کۆچی دوایی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی، سەرەخۆشییان ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی ئەیلوولی 2026، شێخ محەممەد بن زاید ئال نهیان، سەرۆکی ئیمارات، شێخ محەممەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆکوەزیرانی ئیمارات و حاکمی دوبەی، هەروەها شێخ مەنسور بن زاید ئال نهیان، جێگری سەرۆکی ئیمارات و جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی، بروسکەیەکی سەرەخۆشییان ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد.
لەو بروسکەیەدا، سەرکردەکانی ئیمارات هاوخەمی و سەرەخۆشی قووڵی خۆیان بۆ کۆچی دوایی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی، برای گەورەی بنەماڵەی بارزانی دەربڕیوە و هاوسۆزی خۆیان بۆ بنەماڵەی بارزانی نیشان داوە.
رۆژی هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026 سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا کۆچی دواییی برا گەورەی بنەماڵەکەیان، (عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی)ی راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا، خوالێخۆشبێت نەوەی رێبەری نیشتمانی و ئایینی، شێخ عەبدولسەلام بارزانی بووە و نموونەی دینداری، خوداپەرستی، چاکەخوازی و کەسایەتییەکی دیار و گەورەی ناو بنەماڵەکەیان بووە.