پارتی چاکسازی تورکمان داوای پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە هەرێمی کوردستان دەکات

پارتی چاکسازی تورکمان لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ شەممە، هێرشکردنە سەر پێکهاتەی تورکمان لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا بە کارێکی نابەرپرسانە ناوزەد کرد و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن مێژوو و شوناسی ئەم پێکهاتەیە ناشیرین بکەن.

پارتی چاکسازی تورکمان جەختی کردەوە، ئەوانەی ئەم هەوڵانە دەدەن بێ ئاگان لەوەی تورکمان نەتەوەیەکی رەسەن و خاوەن مێژووی ئەم نیشتمانەیە و لە دوای نەتەوەی کورد، بە گەورەترین پێکهاتەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. پارتی چاکسازی تورکمان روونیکردەوە، ئەم راستییە لە یاسا بەرکارەکانی هەرێم و دەستووری هەمیشەیی عێراقدا چەسپاوە و بووەتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی مافی ئەو پێکهاتەیە.

سەبارەت بە دۆخی پێکهاتەکان، پارتی چاکسازی تورکمان روونیکردەوە، لە هەرێمی کوردستان هەموو پێکهاتەکان بە ئازادی گوزارشت لە بۆچوونەکانیان دەکەن. لە پەرلەمانی کوردستان بە سیستەمی کۆتا نوێنەرایەتییان هەیە و لە کابینەی حکومەتیشدا بە وەزارەت بەشدارن. هاوکات لە رووی پەروەردەشەوە خوێندن بە زمانی تورکمانی لە قوتابخانەکاندا دەستەبەر کراوە.

پارتی چاکسازی تورکمان جەختی کردەوە، رەوشی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر باشە و گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان لەنێوانیاندا پتەوە و بەو هەوڵە بچووکانە تێکناچێت. 

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، پارتی چاکسازی تورکمان روونیکردەوە، پێکەوەژیان و رێزگرتن لە جیاوازییەکان بنەمای سەقامگیریی کۆمەڵگەیە و پاراستنی کەرامەتی پێکهاتەکان ئەرکێکی هاوبەشە. پارتی چاکسازی تورکمان داوای لە لایەنە سیاسییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا کرد، بەرپرسانە مامەڵە بکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ تێکدانی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە رەسەنەکانی هەرێمی کوردستان.