بەغدا و هەولێر هەماهەنگییە ئەمنییەکان پتەو دەکەن
عەبدولئەمیر شەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، بریکاری هەواڵگری لە وەزارەتی ناوخۆ، هەردوو بریکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای هەواڵگری، یاریدەدەری سەرۆک ئەرکانی سوپا بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سوپا ئامادەبوون.
هاوکات ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، سەرۆک ئەرکانی هێزی پێشمەرگە و شاندێکی یاوەری کە لە فەرماندە، پلەدار، بەڕێوەبەر و سەرۆکی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون، بەشدارییان تێدا کرد بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگیی مەیدانی و هاوکاریی سەربازیی نێوان هێزە فیدراڵییەکان و هێزەکانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا پوختەیەکی ورد لەبارەی ناوچەکانی بەرژەوەندیی ئەمنیی هاوبەش پێشکەش کرا. دۆخی دەروازە سنوورییەکان و کاری یەکە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی مسۆگەرکردنی کۆنترۆڵکردنی تەواو و رێگریکردن لە هەر جۆرە چالاکییەکی قاچاخچێتی و دزەکردن خرایە بەر باس.
هەروەها باس لە بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانیان کرا، لەگەڵ پەرەپێدانی میکانیزمەکانی کارکردن لەناو سەنتەرەکانی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ خێراکردنی ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەکان.
عەبدولئەمیر شەممەری لە میانی کۆبوونەوەکەدا جەختی لە گرنگیی رێکخستنی ئەولەویەتەکان کردەوە. شەممەری پێداگری لەسەر ئاساییکردنەوەی سنوورە نێودەوڵەتییەکان، مەشق و راهێنانی هاوبەش، رادەستکردنی داواکراوان بە دادگا، هەروەها فراوانکردن و قووڵکردنەوەی کاری هەواڵگریی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک ئەرکانی هێزی پێشمەرگە تێبینییەکانی خۆی سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی پلانی مەیدانی خستە روو. کۆبوونەوەکە بە داڕشتنی کۆمەڵێک راسپاردە کۆتایی هات، کە ئامانجیان بەهێزکردنی تەواوکاریی ئەمنی و یەکخستنی هەوڵەکانە بۆ پاراستنی سەقامگیری.