لە سنە دوو رۆژ ماتەمینی راگەیەندرا

بەهۆی کارەساتی سووتان و ئاگرکەوتنەوەی تانکەری سووتەمەنییەکەی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و گیانلەدەستدانی 11 هاووڵاتی، پارێزگاری ئەو شارە دوو رۆژ ماتەمینی سەرتاسەری راگەیاند، هاوکات سەرۆککۆماری ئێرانیش راگەیاندووە، دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە هۆکاری رووداوەکە بکرێت.

ئارەش زەرەتەن لهۆنی پارێزگاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی ئەیلوولی 2026، رایگەیاند، بۆ رێزگرتن لە گیانی قوربانیانی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی تانکەرێکی سووتەمەنی لە رێگەی سنە – هەمەدان، دوو رۆژ ماتەمی سەرتاسەری راگەیاند.

هاوکات پارێزگاری سنە هیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ حەوت بریندارەکەی ئاگرکەوتنەوەکە خواستووە، کە ئێوارەی دوێنێ شەممە 5ـی ئەم مانگە، تانکەرێکی سووتەمەنی گڕی گرت و تەقییەوە.

هەر لە بارەی رووداوەکەوە، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێڕای گەیاندنی پەیامی سەرە خۆشی بە بنەماڵەی قوربانیان رووداوەکە، داواشی لە بەرپرسانی پارێزگای سنە کردووە، هەموو هاوکارییەکی برینداران و خانەوادەی قوربانییەکان بکەن.

رووداوی سووتان و تەقینەوەی تانکەرە سووتەمەنییەکەی ئێوارەی شەممە 5ـی ئەیلوول، هاوشێوەی رووداوەکەی 10ـی تەممووزی 2000ـە، کە بەهۆیەوە 15 هاووڵاتی لە دانیشتووانی شاری سنە گیانیان لە دەستدا.