تولای هاتیمئۆغوڵلاری و تونجەر باکرهان بە هاوسەرۆکانی دەم پارتی هەڵبژێردرانەوە
لە پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، هەریەک لە تولای هاتیمئۆغوڵلاری و تونجەر باکرهان بە کۆی دەنگی بەشداربووان جارێکی دیکە بە هاوسەرۆکانی گشتیی ئەو پارتە هەڵبژێردرانەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی ئەیلوولی 2026، لە ناوەندی کولتووریی نازم حیکمەت لە شاری ئەنقەرە، پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی دەم پارتی بەڕێوەچوو. لە پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتی نوێ، هەریەک لە تولای هاتیمئۆغوڵلاری و تونجەر باکرهان توانییان 535 دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بەدەستبهێنن و وەک هاوسەرۆکانی گشتی پارتەکە متمانەیان پێ درایەوە.
تولای هاتیمئۆغوڵلاری لە گوتارێکدا رایگەیاند، ئەم کۆنگرەیە "کۆنگرەی ئامادەکاری و هەنگاوێکی نوێیە" و گوتی: "ئێمە لێرە نین بۆ ئەوەی خۆمان دووبارە بکەینەوە، بەڵکو لێرەین بۆ ئەوەی خۆمان نوێ بکەینەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتەکەیان بۆ قۆناخێکی نوێ لەپێناو ئاشتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیدا ئامادەکاری دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، تونجەر باکرهان لە گوتارەکەیدا رەخنەی لە کارەکانی رابردووی پارتەکەی گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە نەتوانراوە وەک پێویست پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ کۆمەڵگەدا دروست بکرێت. باکرهان راشیگەیاند، بەرپرسیارێتی ئەو کەموکوڕیانەی لە هەندێک لە شارەوانییەکان و کایە سیاسییەکاندا هەبوون، لە ئەستۆی سەرکردایەتی و هاوسەرۆکانی گشتییە.
هەر لەو کۆنگرەیەدا، پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، ئاماژەی بە قۆناغێکی نوێی تێکۆشان کرد و رایگەیاند: "چەند مانگێکی دیکە لەرێگەی کۆنگرەیەکی دیکەوە، بزووتنەوەیەکی نوێ بە ناوی (بزووتنەوەی کۆماری دیموکراتیک) بنیات دەنێین، کە ئامانجی جێگیرکردنی ئاشتییە لە تورکیا."
کۆنگرەکە بە بەشدارییەکی سنووردار و بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاران و ئەندامانی رێکخستنەکانی دەم پارتی بەڕێوەچوو، کە تێیدا جەخت لەسەر گۆڕانکاری لە پەیڕەوی ناوخۆ و ئۆرگانەکانی پارتی کرایەوە. بەهۆی چوارچێوەی یاسایی کۆنگرەکەشەوە، هیچ پارتێکی سیاسی دیکە بۆ ئەم رێورەسمە بانگهێشت نەکرابوون.