کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەغدا بەڕێوەچوو

بە مەبەستی پتەوکردنی هەماهەنگییەکان و پاراستنی ئاسایشی ناوچە جێبایەخەکان، شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە؛ لە دیدارەکەدا جەخت لە چالاککردنی زیاتری لیوا هاوبەشەکان، پاراستنی سنوورەکان و ئەنجامدانی مەشقی سەربازی هاوبەش کرایەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەمەبەستی زیاتر پتەوکردن و بەرەوپێشبردنی هاوکاری و هەماهەنگیەکانی نێوان هێزە ئەمنیەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، ئەمڕۆ لە بەغدا بە ئامادەبوونی فەریقی یەکەم روکن عبدالامیر شەممەری بەڕێوەبەری نوسینگەی تایبەتی سەربازی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکان، بەرپرسی هەواڵگری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ژمارەیەك ئەفسەری باڵا و فەرماندە سەربازییەکان و بەرپرسی دەزگا ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هاوبەشی باڵای ئەمنی نێوان هەردوولا بەڕێوەچوو.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە ئاسایشی ناوچەی جێی بایەخی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی عێراق کرا، کە لە رێگەی لیوا هاوبەشەکان دەپارێزرێن، بۆ ئەمەش جەختیان کردەوە لە هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ ئەو لیوایانە، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر و تۆکمەتر ئەو ناوچانە کۆنترۆل بکەن و ئاسایشیان بپارێزن.

هاوکات، ئاسایشی سنوور و پاراستنی سنوورەکان لەلایەن پاسەوانی سنور و هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوبەشی باسکران، هەروەها گفتوگۆ لەسەر بەرنامە و پڕۆگرامی مەشق و راهێنانی هاوبەش لەنێوان هەردوولا کرا.