هۆشداریی لە دۆخی دەریایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدرێت

ناوەندی زانیاریی دەریاییی هاوبەش (JMIC) لە نوێترین راپۆرتی هۆشداریدا، ئاستی هەڕەشە و مەترسیی دەریایی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە زۆر مەترسیدار پۆلێن کرد و تەواوی وردەکاریی لەکارخستن و ژێرئاوکەوتنی سێ کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عومان خستەڕوو.

یەکشەممە 6ـی ئەیلوولی 2026، ناوەندی زانیاریی دەریاییی هاوبەش رایگەیاند، دوێنێ سێ رووداوی ئەمنیی پشتڕاستکراو تۆمار کراون، دوای ئەوەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە وەڵامی هاویشتنی مووشەکی بالیستیک لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ سەر کەشتییە جەنگییەکانی واشنتن، سێ کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی کردە ئامانج.

ئاماژەشی داوە، لەم هێرشانەدا، کەشتیی نەوتهەڵگری "ستارک 1" لە نزیک شاری جاسک لە دەریای عومان و کەشتیی "داونی" لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی خارک لەناو کەنداودا لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بۆ هەمیشە لەکارخراون، هاوکات کەشتیی نەوتهەڵگری "کایلۆ" کە بە "نۆکسن"یش ناسراوە، لە دەریای عومان دوای بۆردوومانکردنی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بە تەواوی ژێرئاو کەوتووە.

لە راپۆرتەکەی ناوەندی زانیاریی دەریاییی هاوبەشدا هاتووە، لە هەڵسەنگاندنی ئۆپەراسیۆنەکانی 72 کاتژمێری رابردوودا، ئەم بۆردوومانانەی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئاراستەکراو بووە دژ بە کەشتییە نەوتییە دیاریکراوەکانی ئێران نەک هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییە بێلایەنەکان، هەربۆیە جووڵەی گشتیی کەشتیوانی بە جێگیری ماوەتەوە، سەرەڕای بەردەوامیی دروستکردنی گرفت و ئاستەنگ لە سیستەمەکانی دیاریکردنی شوێن لە رێگەی مانگی دەستکردەوە لە ناوچەکەدا.

لە لایەکی دیکەوە و سەبارەت بە گەرووی هورمز، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا هیچ هێرشێکی راستەوخۆ تۆمار نەکراوە، بەڵام چالاکییەکانی سوپای پاسداران بەردەوامیی هەبووە، لەوانە فڕینی بەردەوامی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەسەر کەشتییە بازرگانییەکان، چاودێریکردنی چڕ و پەیوەندیکردنی بەردەوامی بێتەل بە کەشتییەکانەوە بە مەبەستی سەپاندنی دەسەڵات و دروستکردنی گوشار لەسەر رێڕەوە دەریایییەکان.