وەزیری دارایی عێراق جەخت لە بنبڕکردنی گەندەڵی لە کەرتی گومرگدا دەکاتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق قۆناخێکی نوێی چاودێریی ئەلیکترۆنی لە دەروازە گومرگییەکان رادەگەیەنێت، هەروەها فەرمانی خێراکردنی مامەڵە گومرگییەکان و لابردنی رۆتین لە دەروازەکان دەردەکات.

یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانی بۆ بارەگای دەستەی گشتیی گومرگەکان ئەنجامدا، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان و بەدواداچوون بۆ پلانەکانی پەرەپێدانی سیستەمی گومرگی وڵات.

 بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی عێراق، فالح ساری کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ کادرانی دەستەکەدا ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا ئاستی ئەدای ناوەندە گومرگییەکان و هەنگاوەکان بۆ گەشەپێدانی کارگێڕی خرانە روو.

لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەیدا، فالح ساری لەگەڵ تیمی "ئۆنکتاد" و تیمی نیشتمانیی سیستەمی "ئەسیکۆدا" کۆبووەوە، بۆ بەدواداچوونی قۆناخەکانی جێبەجێکردن و پەرەپێدانی سیستەمەکە و پلانەکانی تەواوکردنی پڕۆژەی بە دیجیتاڵیکردن، کە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی چاودێری و کۆتاییهێنانە بە مامەڵەی کاغەز.

وەزیری دارایی جەختی لەسەر گرنگیی بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای گومرگی و توندکردنەوەی رێکارە چاودێرییەکان کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاماژەی بەوەش کرد، پەرەپێدانی کەرتی گومرگ یەکێکە لە ڕێڕەوە ستراتیژییەکان بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی و بەهێزکردنی سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەت.

وەزیری دارایی ڕێنمایی دا بە چارەرکردنی کێشەی جەنجاڵی لە هەندێک لە ناوەندە گومرگییەکان و خێراکردنی رێکارەکان و ئاسانکاری بۆ مامەڵەی بازرگانان، بە جۆرێک کە خزمەت بە گەشەی ئابووری و ئاسانکاریی جووڵەی بازرگانی بکات.