حکوومەتی عێراق سیڤی کاندیدان رەوانەی پەرلەمان دەکات
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، ئەم هەفتەیە سیڤیی کاندیدانی وەزاری رەوانەی پەرلەمان دەکرێت و هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر نیوەی کابینەی حکوومەت دەدرێت، هاوکات جەختی لەوە کردەوە، هێزەکانی پێشمەرگە دامەزراوەیەکی دەستوورین و ناکەونە ناو پرسی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکانەوە.
یەکشەممە 6ی ئەیلوولی 2026، عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق لە لێدوانەکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی دوێنێی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، رێککەوتین لەسەر ئەوەی ئەم هەفتەیە سیڤیی کاندیدان بۆ پۆستە وەزارییەکان رادەستی پەرلەمان بکرێت، و هەفتەی داهاتووش دەنگ لەسەر پێکهاتەی نیوەی کابینەی حکوومەت بدرێت بەبێ هەبوونی هیچ پۆستێکی جێگری سەرۆکوەزیران."
سەبارەت بە دۆسیەی چەکدارەکان و کشانەوەی هێزە بیانییەکان، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی لێژنەیەکیان بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی و ئەندامێتیی هادی عامری و محەممەد شیاع سوودانی بۆ دانوستان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان پێکهێناوە و گوتی: "ئەم پرسە پێویستی بە کات و ئامادەکردنی رەشنووسێکی نیشتمانی هەیە تاوەکو هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نەمێنێت و هێزە نایاسایییەکان و هێزە بیانییەکان لە عێراق بچنە دەرەوە؛ دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 30ی ئەیلوولدا، بە مانای چەکدانانی دەستبەجێی گرووپە چەکدارەکان نایەت، بەڵکو دەستپێکی قۆناخی گفتوگۆیەکی زۆر رژدە."
لە وەڵامی داواکاریی گرووپە چەکدارەکان لەبارەی چەکی هێزەکانی پێشمەرگە، دیفاعی ڕوونکردنەوەی دا و گوتی: "پێشمەرگە هێزێکی دەستووری و یاسایییە، سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و هێزێکی فەرمیی عێراقییە، لەو پرسەدا تەنیا چەند تێبینییەکی بچووک هەیە، بەڵام پێویستە هێزە نایاسایییەکانی وەک پەکەکە و ئەوانی دیکە لە خاکی هەرێمی کوردستان بچنە دەرەوە."
هاوکات لەسەر پرسی سزاکانی واشنتن جەختی کردەوە، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر خۆبەدوورگرتن لە سزاکانی ئەمریکا کۆکە و حکوومەت هیچ چاوەڕوانییەکی بۆ سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا ناکات لەبەر ئەوەی هیچ پاساوێک بۆ سەپاندنی سزا لە ئارادا نییە.