سبەی شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات
بڕیارە سبەی شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، سەردانی شاری بەغدا بکات، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە نووسینەوەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 و جێگیرکردنی مافە داراییەکانی فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاساکەدا.
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 گوتی: بڕیارە سبەی دووشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2026، شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتووە لە بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و تیمێکی پسپۆڕ لە نووسینەوەی رەشنووسی پڕۆژەیاسا بودجە، بگەنە شاری بەغدا.
بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24، شاندەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ (سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە) لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق و تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕوپڕ ئەنجام دەدەن. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان تایبەت دەبێت بە نووسینەوەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 و جێگیرکردنی داواکارییە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان لەناو پڕۆژەیاساکەدا.
دیلان بارزان دەڵێت: فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، بەڵێنی داوە لە بودجەی ساڵی 2027ـدا پرسی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست جێگیر بکرێت و پرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق دەستپێبکاتەوە. هەرچەندە ئاماژە بەوە دراوە کە بەهۆی ئاستەنگە داراییەکانەوە دامەزراندنی گشتی لە بودجەی ساڵی 2027ـدا بوونی نابێت، بەڵام پرسی پلەبەرزکردنەوە و جێگیرکردنی گرێبەستەکان وەک دوو خاڵی جیددی لە ئەولەویەتی کارەکاندا دەبن.
لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە پرسی مووچە، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: ئاماژەکان بەرەو ئاراستەیەکی ئەرێنی دەچن، ئێستا زۆرینەی وەزارەتەکانی عێراق مووچەیان وەرگرتووە و تەنیا چەند دەستەیەک و وەزارەتێکی کەم ماون. بڕیارە راستەوخۆ دوای تەواوبوونی مووچەی ناوخۆی عێراق، دەست بە تەمویلکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
بە پێی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، پێشبینی دەکرێت بۆ ئەم مانگە تەمویلکردنی مووچەی هەرێم لە چاو مانگی رابردوو زووتر دەستپێبکات.
ئەم هەفتەیە دەست بە نووسینەوەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 دەکرێت بۆ ئەوەی تاوەکوو 15ـی ئەم مانگە ئامادە بکرێت و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بکرێت.
پاشان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ماوەی یەک مانگی لەبەردەستدا دەبێت بۆ ئەوەی کارەکانی پڕۆژەیاساکە کۆتایی پێبهێنێت، تا دوای پەسەندکردنی، دەبێت لە مانگی 10 رەوانەی پەرلەمانی بکات.
پێشتریش حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاندبوو، ئەنجوومەنی وەزیران تا کۆتایی مانگی ئەیلوول پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 پەسەند دەکات و رەوانەی پەرلەمانی دەکات، هەروەها وەزارەتی دارایی فیدراڵ نزیکەی مانگێکە سەرقاڵی نووسینەوەی رەشنووسەکەیە.