حەیدەر شەشۆ: بەغدا مۆڵەتی مانگێکی داوەتە سێ گرووپی سەر بە پەکەکە تا شنگال چۆڵ بکەن
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، حکوومەتی عێراق مۆڵەتی یەک مانگی داوەتە سێ گرووپی سەر بە پەکەکە تاوەکو شنگال چۆڵ بکەن، هاوکات جەختی لەوە کردەوە، بەپێی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا پێویستە حەشدی شەعبیش لە قەزاکە بکشێتەوە.
یەکشەممە 6ـی ئەیلوولی 2026، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان لە لێدوانەکەیدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "حکوومەتی عێراق لەگەڵ لایەنە نزیکەکانی سەر بە پەکەکە لە شنگال چەندین کۆبوونەوەی لەبارەی کشانەوە و چۆڵکردنی گرووپەکانیان لە شنگال ئەنجام داوە؛ لەو چوارچێوەیەدا مۆڵەتی یەک مانگ بەو گرووپانە دراوە کە لە 1ی ئەیلوولەوە تا سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمە، و دوای تەواوبوونی ئەم وادەیەش رێکاری دیکەی کرداری بۆ دەرکردنی ئەو گرووپە چەکدارانە دەگیرێتە بەر."
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان روونی کردەوە، ئەو هێزانەی سەر بە پەکەکەن بریتین لە هێزی ئاسایشی ئێزدخان، یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) و یەکینەکانی ژنانی شنگال (یەژەشە).
حەیدەر شەشۆ سەرنجی خستە سەر دۆسیەی حەشدی شەعبی لە ناوچەکەدا و گوتی: "بەپێی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستە حەشدی شەعبیش شنگال بە تەواوی چۆڵ بکات کە ئێستا حەوت گرووپی سەر بەو هێزە لەوێن و ژمارەی چەکدارەکانیان دەگاتە دوو هەزار و 500 چەکدار.
ئاماژەشی دا، حکوومەتی عێراق هەوڵێکی گشتگیری بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان دەستپێکردووە و بەنیازە سەرجەم هێزەکان لەژێر چەتری فەرماندەییی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا رێکبخاتەوە و تەواوی ئەو بیانووانە ببڕێت کە بۆ هەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی یاسا بەکاردەهێنرێن."