رەزایی: ناوچەیەکی قەدەخەکراوی نوێ لە دەرەوەی گەرووی هورمز رادەگەیەنین
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا هێرشی توند دەکاتە سەر سیاسەتەکانی ئەمریکا و ڕایدەگەیەنێت، ئێران توانای سەربازیی خۆی تاقیکردووەتەوە و ڕێگە نادات هیچ گەمارۆیەک ئیرادەی گەلەکەی تێکبشکێنێت.
یەکشەممە 6ـی ئەیلوولی 2026، موحسین رەزایی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆندا، سەرنجی خستە سەر مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن و جەختی کردەوە، ئێران مافی خۆیەتی متمانەی بە ئەمریکا نەبێت و ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە هەموو رێگەیەکی گرتووەتە بەر بۆ لێدانی ئێران، لە کودەتاوە تا هاندانی شەڕ و گەمارۆی ئابووری.
موحسین رەزایی گوتی: "بۆ یەکەمجار لە مێژووی ململانێکانماندا، 48 کاتژمێر لەمەوبەر مووشەکێکی نوێی دژە کەشتیمان لە بەرانبەر کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی تاقیکردەوە. ئەمە پەیامێکی روون بوو کە ئەوان ناتوانن لە ناوچەکەدا هەرچییەکیان بوێت بیکەن."
هەروەها هۆشداری دا، ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە هەڕەشەکانی، ئێران دەتوانێت کەشتییەکانیان نوقم بکات، بەڵام تا ئێستا بڕیاری نوقمکردنمان نەداوە، چونکە نامانەوێت ژینگەی دەریایی و گەرووی هورمز بە نەوت و پاشماوەی جەنگی پیس بێت، بەڵام ئامادەییمان تەواوە.
سەبارەت بە مێژووی دەستوەردانەکانی ئەمریکا، رەزایی باسی لە کودەتای دژی محەمەد موسەدیق و چارەنووسی شای ئێران کرد. ئەو گوتی: "ئەمریکییەکان تەنانەت رەحمیا بە 'شای ئێران'یش نەکرد کە گەورەترین هاوپەیمانیان بوو، دوای ئەوەی بەکاریان هێنا، پشتیان تێکرد. ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەمریکا تەنیا نۆکەری دەوێت کە هەرچی ئەوان گوتیان بڵێت 'بەڵێ'، بەڵام گەلی ئێران چیتر ئەو ژێردەستەییە قبوڵ ناکات."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رەزایی باسی لە پڕوپاگەندەکان دەربارەی برسێتی و نەمانی خۆراک لە ئێران کرد بەهۆی گەمارۆکانەوە. ئەو رایگەیاند: "ئەوەی دەوترێت دەربارەی نەمانی خۆراک، درۆیەکی گەورەیە. حکوومەت لە مێژە پلانی داناوە و بە بڕێکی زۆر پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی کۆگا کردووە. ئێمە لە رووی ئاسایشی خۆراکەوە هیچ کێشەیەکمان نییە و گەلەکەمان تەسلیمی فشاری ئابووری نابێت."
موحسین رەزایی لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە، ئێران وڵاتێکی ئاشتیخوازە و تا ئێستا هێرشی نەکردووەتە سەر هیچ وڵاتێک، بەڵام لە پاراستنی سەروەریی خاک و ئاوەکەیدا، هیچ دوودڵییەک ناکات و وەڵامی هەر هەنگاوێکی ئەمریکا بە توندی دەداتەوە.
موحسین رەزایی سەرنجی خستە سەر دۆخی گەرووی هورمز و گوتی، ئەو قسانەی دۆناڵد ترەمپ دەربارەی کراوەیی گەرووەکە دەیکات، درۆیەکی گەورەیە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر رۆژانە 100 کەشتی هاتوچۆیان دەکرد، بەڵام ئێستا تەنیا 7 بۆ 8 کەشتی کە پێداویستییەکانی ئێران هەڵدەگرن، دەبینرێن.
رەزایی ئاشکرای کرد کە لە رۆژانی داهاتوودا ناوچەیەکی قەدەخەکراو لە دەرەوەی گەرووی هورمز رادەگەیەنن؛ هەر کەشتییەک بچێتە ناو ئەو سنوورە و بناسرێتەوە، دەخرێتە لیستی سزاکانەوە. هەروەها گوتی، ئەمریکا هەوڵ دەدات بە قاچاخ و بە پارەیەکی زۆر کەشتی تێپەڕێنێت، ئێمە دەیانبینین و لێیان دەدەین، بەڵام بۆ ئەوەی ژینگەی دەریاکە پیس نەبێت، نوقمیان ناکەین.
لە لایەکی دیکەوە، باسی لەوە کرد کە کێشەی سەرەکییان لە دانوستانەکاندا "نەبوونی متمانە"یە. گوتیشی، نێوەندگیرەکان نەیانتوانیوە گەرەنتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان بدەن، بۆیە دەبێت ئەمریکا هەنگاوی کردەیی بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانەی ئێران بنێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ وڵاتی عومان خەریکی دیاریکردنی رێرەوێکی نوێی نێودەوڵەتین کە لەژێر بەڕێوەبردنی ئێراندایە.