لاڤرۆڤ: تۆمەتەکانی ئەڵمانیا بە کردەیی راگەیاندنی شەڕێکی راستەقینەیە دژی ڕووسیا
وەزیری دەرەوەی رووسیا هۆشداری توند دەداتە وڵاتانی رۆژئاوا و رایدەگەیەنێت، ئەو تۆمەتانەی لەسەر پرسی هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی لایپزیگ ئاراستەی وڵاتەکەی دەکرێن، لە ئاستی "دەستپێکردنی شەڕێکی راستەقینە"دان دژی مۆسکۆ.
رۆژی یەکشەممە 5ی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی هەواڵی تاسی رووسی لە زاری سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، تۆمەتبارکردنی مۆسکۆ لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە بەوەی دەستی لە رووداوی فڕۆکەخانەی لایپزیگی ئەڵمانیادا هەبووبێت، هێڵی سووری بەزاندووە و بەرەو رووبەڕووبوونەوەیەکی گەورەتری دەبات.
لاڤرۆڤ بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی فریدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا گرت و گوتی: "هەموو ئەو قسانەی مێرز دەربارەی گەڕاندنەوەی پێگەی ئەڵمانیا وەک هێزی باڵای سەربازی لە ئەوروپا دەیکات، ئێستا لەسەر عەرزی واقیع جێبەجێ دەکرێن. ئەو لە ڕاستیدا بەم هەنگاوانەی شەڕ لە دژی ئێمە ڕادەگەیەنێت."
ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە کە لە 1ی ئەیلوول، حکوومەتی ئەڵمانیا بە فەرمی رایگەیاندبوو، لێکۆڵینەوەکانیان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی رووسیا لەپشت هەوڵێکی هێرشی درۆنییەوە بووە بۆ سەر فڕۆکەخانەی "لایپزیگ/هالێ" لە مانگی رابردوودا. لە کاردانەوەی ئەو رووداوەشدا، بەرلین زنجیرەیەک سزای بەسەر مۆسکۆدا سەپاند، لەوانە داخستنی کونسوڵخانەیەکی رووسیا و سەنتەرێکی رۆشنبیریی ئەو وڵاتە لە پایتەختی ئەڵمانیا.
لە بەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی رووسیا سەرلەبەری ئەو تۆمەتانەی ئەڵمانیایان رەتکردەوە و بە بێ بنەما ناوزەندیان کرد. مۆسکۆ لای خۆیەوە بەرلینی تۆمەتبار کرد بەوەی بەڵگەی ساختەی لە دژی رووسیا دروستکردووە، تاوەکو لەم رێگەیەوە وڵاتەکەی لە رووداوە ئەمنییەکانی ناوخۆی ئەڵمانیادا تێوەبگلێنێت.