ترەمپ بە زیرەکی دەستکرد هەڕەشەی هێرشکردنە سەر خارگ دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هەڕەشەی لە دوورگەی خارگی ئێران کرد.
دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تروس سوشال نووسی: "بای بای خارگ". ترەمپ لەگەڵ نووسینەکەیدا وێنەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا تەقینەوە لەسەر دوورگەکە و فڕۆکەیەک دەردەکەوێت کە هێرشی ئاسمانی دەکات.
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا روونیکردەوە، ئێران بەدەست هەڵاوسانی بەرزی ئابوورییەوە گرفتارە و دراوی ئەو وڵاتە لەناوچووە. هەروەها روونیکردەوە، هەناردەی نەوتی ئێران بە توندی پاشەکشەی کردووە، لە کاتێکدا بە گوتەی ئەو، بڕی نەوت لە گەرووی هورمز بۆ ئاستەکانی پێشووی گەڕاوەتەوە.
هێزەکانی ئەمریکا ماوە ماوە هێرش دەکەنە سەر دوورگەی خارگ، کە ناوەندی نزیکەی 90%ـی هەناردەی نەوتی ئێرانە. ئاژانسی فارسی ئێران شەممەی رابردوو رایگەیاندبوو، کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێران لەو دوورگەیە رووبەڕووی هێرشێکی مووشەکی ئەمریکا بووەتەوە.
دوورگەی خارگ دەکەوێتە دووری 26 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئێران و نزیکەی 483 کیلۆمەتر باکووری خۆرئاوای گەرووی هورمز. ئاوی دەوروبەری دوورگەکە بەو ئەندازەیە قووڵە کە رێگە بە لەنگەرگرتنی ئەو نەوتهەڵگرانە دەدات کە بەهۆی زەبەلاحییانەوە رێگەیان پێنادرێت لە ئاوە تەنکەکانی کەناراوە سەرەکییەکان نزیک ببنەوە.