ئێران، ئەمریکا بە تێکدانی رێڕەوی بازرگانیی گەرووی هورمز تۆمەتبار دەکات
ئێران ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە تێکدانی هاتوچۆی بازرگانی لە گەرووی هورمز و رایگەیاند، واشنتن هەوڵ دەدات بەرپرسیارێتی ئەو قەیرانە بخاتە ئەستۆی تاران.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند: "گەرووی هورمز تا 28ـی شوبات بەتەواوی کراوە بوو، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد".
بەقایی روونیکردەوە، ئەو جەنگە بووەتە هۆی پەکخستنی رەوتی سرووشتیی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا، ئەنجامەکەشی وەستانی تانکەرەکان، تێکچوونی بازرگانی و بەرزبوونەوەی نرخی وزە بووە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵ دەدات تێچووی ئاڵۆزییەکانی ئێستا بەسەر جیهاندا ساخ بکاتەوە و ئێران بە بەرپرسیار لەو دۆخە پیشان بدات.
بەقایی جەختیکردەوە، گێڕانەوەی ئەمریکییەکان هەوڵ دەدات ئەو جەنگەی واشنتن دەستی پێکردووە وەک ئەنجامی رەفتارەکانی ئێران پیشان بدات و گوتیشی: "واشنتن جەنگەکەی دەستپێکردووە، بەڵام چاوەڕێی ئەوەیە هەموو جیهان تێچووەکەی بدات، لە کاتێکدا ئێران وەک هۆکاری ئەم پشێوییە نیشان دەدات".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە ئاڵوگۆڕی تۆمەت لەنێوان واشنتن و تاران لەبارەی بەرپرسیارێتی تێکچوونی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز بەردەوامە، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت.
شەوی یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕی ئەو نەوتەی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی پێشووی خۆی و گەیشتووەتە نزیکەی 18 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
لەلایەکی دیکەوە، ئیدارەی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە لەوەی کار بۆ پاراستنی هاتوچۆی دەریایی و بازرگانی لەو گەرووە دەکات و تاران تۆمەتبار دەکات بە هەڕەشەکردن لە کەشتییەکان و رێگریکردن لە هاتوچۆیان. لە بەرامبەردا تاران پێداگرە لەسەر ئەوەی جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی جموجووڵی کەشتییەکان و بەرزبوونەوەی مەترسییەکانن لە ناوچەکەدا.