وەزیری وزەی ئەمریکا: بژاردەی سەربازی تاکە رێگەیە بۆ لەناوبردنی ئەتۆمیی ئێران
لەگەڵ پەرەسەندنی هەڕەشە دوولایەنەکانی نێوان تاران و واشنتن و پەککەوتنی بەشێکی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند کە گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەستەمە و بژاردەی سەربازی هێشتا وەک پێویستییەک ماوەتەوە.
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "ABC" رایگەیاند: "رەنگە بۆ واژۆکردنی هەر رێککەوتنێکی نوێ، پێویست بێت چاوەڕێی هاتنیشاندێکی دیکەی دانوستکار لە ئێران بکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر رێککەوتنەکە ئەنجام نەدرێت، ئەوا ستراتیژی واشنتن تەنها لە لەناوبردنی تواناکانی ئێران بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی کورت دەبێتەوە.
رایت جەختی کردەوە کە تاران بەردەوامە لە نانەوەی پشێوی لە ناوچەکەدا، بەڵام هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە ئەرکەکانیان بەردەوامن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز و پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان.
سەبارەت بە سروشتی پێکدادانەکانی ئێستا، وەزیری وزەی ئەمریکا زاراوەی "ناکۆکی" بەکارهێنا نەک "جەنگ"، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ و جەی دی فانس، هەوڵ دەدەن بایەخی ئەم گرژییانە کەم بکەنەوە. ترەمپ لە لێدوانێکی ئەم دواییەیدا لە نووسینگەی بیزۆیی (Oval Office) رایگەیاندبوو کە ئەم بابەتە "کێشەیەکی گەورە نییە" و بە "کارێکی سادە" وەسفی کردبوو.
ئەم گرژییانە دوای ئەوە دێن کە تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سووتەمەنی و تێچووی کاڵاکان لەسەر ئاستی جیهان. هاوکات لێکتێگەیشتنەکان و ئاگربەستی مانگی حوزەیرانی رابردوو بەتەواوی هەرەسیان هێناوە.
لەسەر زەویش، پێکدادانەکان لە هەفتەی رابردوودا چڕتر بوونەتەوە. فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند کە سێ تانکەری نەوتی ئێرانییان کردووەتە ئامانج، وەک وەڵامێک بۆ هەوڵێکی تاران بۆ ئاراستەکردنی موشەک بەرەو کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا.
لە بەرامبەردا، تاران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندتر دەکات و رایگەیاندووە کە "یاساکانی یارییەکە گۆڕاون"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی پێشوەختە یان کردنە ئامانجی راستەوخۆی کەشتییە جەنگییەکان.