ئیسرائیل لە باشووری لوبنان 12 کەسی کوشت
باشووری لوبنان رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بووەوە و بەهۆیەوە 12 کەس گیانیان لەدەستدا لە نێویاندا دوو منداڵی ساوا و دوو کارمەندی تیمە تەندروستییەکان هەن.
بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی سێ نهۆمییان لە شارۆچکەی کفرمان بە تەواوی وێران کرد، بووە هۆی کوژرانی 10 کەس و برینداربوونی 7 کەسی دیکە، هاوکات درۆنێکێیش ئۆتۆمبێلێکی تیمی فریاگوزاری لە هەمان شارۆچکە کردە ئامانج و دوو کارمەندی تەندروستی تێدا کوژران.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ ئەم هێرشانە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو لەلایەن حزبوڵڵاوە، بە گوتەی ئەوان پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست بووە، هەر بۆیە فەرمانی چۆڵکردنی باڵەخانەیەکی دیاریکراو و دەوروبەری لە شارۆچکەی دێر زەهرانی دەرکردووە و دواتر بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆردومانی کردووە.
ئەم هێرشە بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەبوونی خێزانەکان لە شارۆچکەکانی کفرمان و دێر زەهرانی و ناوچەکانی دەوروبەری قەزای نەبتیە، لە کاتێکدا هێرشەکان گوندەکانی نەبتیە فەوقا و عەربسالیمیشیان گرتووەتەوە.
دوێنێ یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی بەپەلەی دایە دانیشتووانی شارۆچکەی دێر زەهرانی لە شارۆچکەی نەبتیە بۆ چۆڵکردنی ماڵەکانیان.