دەستپاکیی عێراق تۆڕێکی ساختەکاریی زەویوزار هەڵدەوەشێنێتەوە

دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق تۆڕێکی ساختەکاری و دەستکاریکردنی رێکارەکانی تەرخانکردن و تاپۆکردنی ژمارەیەک زەویوزاری لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی ناسریە ئاشکراکرد. تیمەکانی دەستەکە توانیویانە دەست بەسەر نووسراوی رەسەنی تەرخانکردندا بگرن کە تایبەت بووە بە تاپۆکردنی 104 زەویی ناوازە، بەهای هەر یەکێکیان بە نزیکەی 100 ملیۆن دینار مەزەندە دەکرێت.

دەستەی دەستپاکی لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، رێکارەکانی تەرخانکردن و تاپۆکردنی ئەو زەوییانە بە ساختەکاری و پێشێلکردنی رێنماییەکان دراون. تیمەکانیان پێشتر دەستیان بەسەر 30 مامەڵەی تاپۆکردندا گرتبوو وەک بەڵگەی تاوانکاری. لە درێژەی بەدواداچوون و وردبینی لە مامەڵە پەیوەندیدارەکان، 12 مامەڵەی دیکەی رەسەنی تاپۆکردنیان لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی ناسریە دەستبەسەردا گرتووە، ئەمەش بەڵگە و کەرەستە تاوانکارییەکانی کەیسەکەی بەهێزتر کردووە.

دەستەی دەستپاکی رایگەیاند، تیمەکانیان بڕیاری دەستگیرکردنیان دژی بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانیی ناسریە و ژمارەیەک فەرمانبەری کەمتەرخەم جێبەجێکردووە، ئەوەش بەپێی ماددەی 340ـی یاسای سزادان. تۆمەتباران بەهۆی کەیسی دیکەی گەندەڵییەوە لە راگرتندان. 

دەستەکە روونیکردەوە، نیشانەی قەدەغەی مامەڵەکردن خراوەتە سەر سەرجەم ئەو 104 زەوییە ناوازەیەی کەوتوونەتە ژێر لێکۆڵینەوە، کۆی بەهاکەیان بە نزیکەی 10 ملیار و 400 ملیۆن دینار مەزەندە دەکرێت. ئەم رێکارە بە ئامانجی پاراستنی سامانی گشتی و رێگریکردن لە هەر جۆرە مامەڵەکردنێک پێیانەوە گیراوەتەبەر تا رێکارە یاسایی و دادوەرییەکان لەبارەی کەیسەکەوە یەکلایی دەبنەوە.