لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر کەمپێکی پەنابەران
ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، کەمپی پەنابەرانی سورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کراوەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هێرشە درۆنییەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ و لە ماوەی 20 خولەکدا روویانداوە.
ئاسایشی هەرێم روونیکردەوە، هێرشەکان لە کاتژمێر 04:45 تا 05:05 خولەکی بەرەبەیان روویانداوە. سەرەڕای بەئامانجگرتنی کەمپەکە، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە.
لەوەتەی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە دەستی پێکردووە، زیاتر لە 1000 هێرشی درۆنی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە هێرشەکاندا شوێنە نیشتەجێبووەکان، ژێرخانی ئابووری و دامەزراوە فەرمییەکان کراوەتە ئامانج، دەیان قوربانی لێکەوتووەتەوە و زیانی ماددی زۆریش بەر هاووڵاتیان کەوتووە، هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین جار سەرکۆنەی هێرشەکانی کردووە و رایگەیاندووە، ئێمە بەشێک نین لەو جەنگە دەبێت هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بوەستێنرێت.