وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان داوای نەوتی ماڵان لە بەغدا دەکات
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان داوای دابینکردنی نەوتی سپی ماڵان لە حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات.
بە گوێرە زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە سەرچاوەیەک دەستی کەتووە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی حکوومەتی فیدڕاڵ کردووە بۆ ئەوەی پێش هاتنی وەرزی سەرما و زستان نەوتی سپی ماڵان دابین بکرێت. هەروەها هەوڵەکان چڕکراونەتەوە و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ هەماهەنگی تەواو کراوە بۆ ئەوەی هاوشێوەی ساڵانی رابردوو نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان دابەش بکرێت و ئێستا چاوەرێی بەغدا دەکەن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک لەلایەن بەغدا نەنراوە، بەڵام هەر کاتێک نەوتی پێویست دابین کرا، پرۆسەی دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکات و سەرەتاش لە ناوچە شاخاویی و ساردەکانەوە دەستپێدەکەن.
سەرچاوەکە دووپاتی کردەوە، گوشار دەکەن بۆ ئەوەی پێش وەرزی سەرما نەوت بۆ سەرجەم خێزانەکان دابین بکرێت. گوتیشی، دابەشکردنی نەوت بە کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنی دەبێت و هەر خێزانێک بڕی 200 لیتر نەوتی بە بڕی 105 هەزار دینار پێدەدرێت و ئەو بڕە پارەیە تێچووی گواستنەوە و خزمەتگوزارییەکانیش لەخۆ دەگرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە بۆ دابین کردنی یەک بەرمیل نەوت بۆ هەر خێزانێک پێویستی بە زیاتر لە 250 ملیۆن لیتر نەوتە و ئەوە لە کاتێکدایە ساڵانە لە ناوچە شاخاوییەکان دوو بەرمیل نەوت دابەش دەکات.