لە گەرووی هورمز جموجووڵی کەشتییە بازرگانییەکان کەم دەبێتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، داتا نوێیەکانی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز پاشەکشەیەکی بەرچاوی لە جموجووڵی کەشتییەکان دەرخستووە، بە جۆرێک تێکڕای رۆژانەی تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە 10 رۆژی رابردوودا بۆ 10 کەشتی دابەزیوە.

بەگوێرەی ئەو داتایانەی کۆمپانیای کەپلەر بڵاویکردوونەتەوە، تێکڕای جووڵەی 10 رۆژە یەکشەممە گەیشتووەتە 10 کەشتی، ئەمەش بەراورد بە 15 کەشتی لە هەینی و نزیکەی 13 کەشتی لە شەممە. شەممە تەنیا دوو کەشتی بە گەرووەکەدا تێپەڕیوون، لە کاتێکدا یەکشەممە شەش کەشتی پەڕیونەتەوە کە زۆربەیان بە هێڵە دەریاییەکانی ئێراندا تێپەڕیون.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان شەممە سێ تانکەری نەوتی ئێرانییان کردووەتە ئامانج، لە نێویاندا تانکەرێک لە نزیک دوورگەی خارگ، کە ناوەندی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە. فەرماندەییەکە روونیکردەوە، ئەو هەنگاوە لە وەڵامی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بووە.

لە بەرامبەردا، هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند، سێ تانکەری نەوتییان بە ئامانج گرتووە، بە رێڕەوی نایاسایی لە گەرووەکەدا هاتوچۆیان کردووە، هەروەها سێ کەشتی ئەمریکیشیان لە ناوچەی جیاوازدا کردووەتە ئامانج.

کۆمپانیای ماریسکس کە پسپۆڕە لە زانیارییە دەریاییەکان، لە یاداشتێکدا تانکەرە ئێرانییەکانی بە داونی، ستارک 1 و کایڵۆ (کە بە نۆکسنیش ناسراوە) ناو برد. کۆمپانیاکە هێرشەکانی بە هەڵکشانێکی گەورەی ململانێی دەریایی لەقەڵەم دا و روونیکردەوە، تانکەرە بازرگانییەکان بە ئەنقەست وەک ئامرازی گوشاری ئابووریی هاوبەش بەکاردەهێنرێن و ئەم دۆخەش جیاوازی نێوان رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و کەرتی گواستنەوەی بازرگانی لاواز دەکات.

بە گوتەی ماریسکس، ئاستی مەترسییەکان بۆ سەر ئەو کەشتییانەی سەر بە ئێرانن یان پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە بە توند هەڵسەنگێندراوە. هاوکات بۆ ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە یان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە یاوەری دەکرێن، ئاستی مەترسییەکە لە گەرووی هورمز و کەنداوی عومان بە بەرز دانراوە.