قەتەر: ئاسایشی کەنداو تەنیا بە ئەمریکا پارێزراو نابێت
ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2026، ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، پەرەسەندنی جەنگی ئێران دەریخست، وڵاتانی کەنداو نابێت بۆ پاراستنی ئاسایشیان تەنیا پشت بە ئەمریکا ببەستن.
ماجید ئەنساری لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی هێلی لە ئەبووزەبی رایگەیاند "بوونی هێزی نێودەوڵەتی لە ناوچەکە و دامەزراندنی هاوپەیمانییەکی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا کارێکی زۆر گرنگە، بەڵام بەس نییە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر روونیکردەوە، پێویستە وڵاتانی کەنداو باش بزانن پشتبەستن بە تواناکانی خۆیان لە بواری ئاسایشدا تاکە رێگەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان و پێشکەوتن.
ئەم هەڵوێستەی ماجید ئەنساری لە کاتێکدایە، وڵاتانی کەنداو لە کۆتایی شوباتی 2026ـەوە رووبەڕووی هێرشی چڕی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بوونەتەوە. ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی پێکدادانی سەربازیی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە روویانداوە.
سەرەڕای ئەوەی پایتەختەکانی کەنداو چەندین جار دووپاتیان کردووەتەوە لایەنێک نین لەم شەڕەدا و هیچ ئاسانکارییەکیان بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی تاران پێشکەش نەکردووە، بەڵام ئێران بە بیانووی بوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و لە چوارچێوەی ستراتیژیی گوشارخستنەسەر ئابووریی جیهان، خاکی ئەو وڵاتانەی کردووەتە ئامانج.