کارتی نیشتمانی بۆ دەنگدان بەکاردەهێنرێت
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری بۆ بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش دەنگدانی تاقیکاری دەکات.
دوای بڕیاری بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی لەبری کارتی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقدا، کۆمیسیۆن دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە و پڕۆسەی دەنگدانی تاقیکاری بەڕێوەدەبات. لەم بارەیەوە جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆمیسیۆن ژمارەیەک تۆماری لە وەزارەتی ناوخۆ وەرگرتووە و رادەستی کۆمپانیایەکی تایبەتمەندی کردووە تاوەکوو لەسەر ئامێرەکانی دەنگدان تاقیان بکاتەوە.
جومانە غەلای گوتی، لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆسەیەکی تاقیکاریی نموونەیی دەستکرد بەڕێوەدەچێت بۆ تاقیکردنەوەی کارتە نیشتمانییەکان لەسەر ئامێرەکان. هەروەها باسی لەوە کرد، لە ئێستادا سەرقاڵی وەرگرتنی داتاکانن لە وەزارەتی ناوخۆ و رادەستکردنیان بە کۆمپانیاکە بۆ ئەنجامدانی دەنگدانی تاقیکاری.
بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرکەوتنی پڕۆسەکە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان داتای 50 فەرمانبەری خۆی وەک نموونە وەرگرتووە بۆ تەواوکردنی توێژینەوەکان لەسەر توانای بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی. لە هەمان کاتدا شارەزایانی بواری هەڵبژاردن ئاماژەیان بەوە دا، بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی کاتێکی زۆر بۆ کۆمیسیۆن دەگەڕێنێتەوە و خەرجییەکانیش زۆر کەم دەکاتەوە.
پڕۆژەی بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی لە بری کارتی دەنگدان، یەکێکە لە هەنگاوە نوێیەکانی دامەزراوەکانی عێراق بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی پڕۆسەکان و کەمکردنەوەی ساختەکاری. لە ماوەی رابردوودا پەرلەمانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆی چڕیان کرد بۆ گۆڕینی سیستمی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران بە جۆرێک راستەوخۆ گرێ بدرێت بە داتابەیسی وەزارەتی ناوخۆوە.
بەپێی بڕیارەکانی پێشوو، کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو جێگەی پێناسەی باری شارستانی و رەگەزنامەی گرتووەتەوە و حکوومەتی عێراق هەوڵ دەدات بیکاتە بنەمای سەرەکی بۆ سەرجەم مامەڵە فەرمییەکان. بەکارهێنانی ئەم کارتە لە هەڵبژاردنەکاندا، رێگری لە دووبارە دەنگدان و بەکارهێنانی کارتی ساختە دەکات، چونکە کارتی نیشتمانی تایبەتمەندی ئەمنی زۆر بەرزی هەیە و زانیارییەکان لەسەر چیپێکی ئەلیکترۆنی هەڵگیراون.