وەزارەتی دارایی رێنمایی نوێی بۆ مۆڵەتی بێ مووچە دەرکرد

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێنماییەکی نوێی سەبارەت بە پێدانی مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچە بە فەرمانبەران دەرکرد و تێیدا دەسەڵات دەدرێتە وەزیرەکان مۆڵەت بدەن، بە مەرجێک ماوەکەی لە دوو ساڵ تێپەڕ نەکات.

بەپێی رێنمایی ژمارە پێنجی ساڵی 2026ـی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە واژۆی ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی لەسەرە، بڕیار درا بە پێدانی مافی مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچە بە فەرمانبەران. رێنماییەکە دەسەڵات دەداتە وەزیر و سەرۆکی دەستە نەبەستراوەکان بە وەزارەت بۆ پێدانی ئەو مۆڵەتە لە کاتی پێویستدا، بە مەرجێک ماوەکەی لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت.

لە بڕگەیەکی دیکەی رێنماییەکەدا هاتووە، ماوەی مۆڵەتی بێ مووچە بۆ هیچ مەبەستێکی خزمەت و خانەنشینی هەژمار ناکرێت. هاوکات کارکردن بە چەندین رێنمایی ساڵانی 2015 تاوەکوو 2022 سەبارەت بەم پرسە رادەگیرێت. ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر مۆڵەتیان وەرگرتووە، مامەڵەیان بەپێی رێنماییە کۆنەکان لەگەڵ دەکرێت تاوەکوو ماوەی مۆڵەتەکەیان تەواو دەبێت، بەڵام دواتر مافی نوێکردنەوەیان نییە.

هەروەها ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، ئەگەر کۆی ماوەکەیان دوو ساڵی پڕکردبێتەوە، مافی وەرگرتنی مۆڵەتی نوێیان نابێت. وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە دا، ئەم رێنماییە لە رۆژی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی وەقایعی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.